لێکۆڵینڤانێکی وزە لە پاکستان بۆ رووداو: یەدەگی نەوت و گازمان تەنیا بەشی ئەم مانگە دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

لێکۆڵینڤانێکی وزە لە پاکستان دەڵێت، بەهۆی شەڕەوە نرخی بەنزین تاوەکو 50% بەرزبووەتەوە.
 
سەید محەممەد رەزەڤی، لێکۆڵینڤانی پاکستانی لە بواری وزە رایگەیاند، پاکستان بۆ دابینکردنی وزە بە رێژەیەکی زۆر پشت بە هاوردە دەبەستێت و گوتی، "نزیکەی 80% بۆ 90%ی نەوتی پێویستمان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە دێت. لە چوارچێوەی ئەوەشدا، زۆرترین بڕ لە سعودیە، عومان و کوێتەوە هاوردە دەکەین."
 
ئەو لێکۆڵینڤانە لەبارەی هاوردەی نەوت و وزەی ئێرانەوە گوتی، "بازرگانییەکە تاڕادەیەک نادیارە، چونکە زۆربەی بە قاچاخ لە رێگەی سنوورەوە دەگوازرێتەوە و تەنیا بڕێکی کەمی لە ئابووریی فەرمیدا تۆمار دەکرێت."
 
رەزەڤی دەڵێت، بەهۆی ئەم پشت بەستنە زۆرە بە نەوتی ناوچەکە، "گرژییەکان کاریگەریی زۆریان لەسەر ئابووریی پاکستان هەبووە و لە سەرەتای شەڕەوە نرخی نەوت و بەنزین لە پاکستان لەنێوان 20% بۆ 50% بەرزبووەتەوە."
 
قسەکانی سەید محەممەد رەزەڤی ئەمڕۆ سێشەممە لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بوولتەنی ئابووری لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح.
 
پاکستان، وڵاتێکی هاوردەکاری نەوتە و نزیکەی 90%ـی پێداویستییەکانی لە رێگەی هاوردەوە پڕدەکاتەوە.
 
رەزەڤی گوتی، "ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتمان لە نێوخۆ بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. لە نزیکەی 160 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا لە 9 بۆ 10 ساڵی رابردووەوە، بۆ کەمتر لە 100 هەزار بەرمیل دابەزیوە و ئێستا لەنێوان 70 بۆ 80 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا. بۆیە ناتوانین نەوت هەناردە بکەین، بەڵکو پێویستیمان بە نەوتی زیاترە و هاوردەی دەکەین."
 
هاوکات پاکستان بۆ دابینکردنی گازیش پشتی بە هاوردە بەستووە و 90% بۆ 95%ـی گازی پێویست لە قەتەرەوە دابین دەکات.
 
لێکۆڵینڤانە پاکستانییەکە هۆشداریی دا لەبارەی کەمبوونەوەی یەدەگی وزەی وڵاتەکەی و گوتی، "یەدەگی ئێستامان تەنیا تاوەکو کۆتایی مانگی نیسان بەش دەکات و دوای ئەو وادەیە، رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە دەبینەوە لە بەڕێوەبردنی یەدەگی نەوت و غازدا."
 
یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی پاکستان، کەمیی توانای یەدەگی وزەیە. رەزەڤی لەمبارەیەوە گوتی، "ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە پێشنیازی توانای یەدەگی بۆ ماوەی 90 رۆژ یان زیاتر دەکات، بەڵام بەداخەوە توانای پاکستان تەنیا بەشی 21 بۆ 26 رۆژ دەکات."
 
بە گوتەی رەزەڤی، پاکستان هەوڵیداوە سوود لە کڕینی نەوتی داشکێندراوی رووسیا وەربگرێت، بەڵام "بەهۆی سزاکانی سەر رووسیا و پابەندبوونی پاکستان بە پرۆگرامی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو, نەمانتوانیوە سوود لەو دەرفەتە وەربگرین."
 
سەبارەت بە کاریگەرییە راستەوخۆکانی قەیرانی وزە لەسەر هاووڵاتییان، رەزەڤی رایگەیاند، "نرخی بەنزین بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە؛ یەکێک لە جۆرەکانی بەنزین 70% گران بووە و جۆرەکانی دیکەش لەنێوان 25% بۆ 30% بەرزبوونەتەوە. پێشبینی دەکرێت رێژەی هەڵاوسان جارێکی دیکە بگاتەوە ئاستی دوو ژمارەیی و گەشەی کۆی بەرهەمی نێوخۆش لە 3.8%ـەوە بۆ نزیکەی 3.1% دابەزێت."