نرخی یەک دۆلار بەرزبووەوە بۆ زیاتر لە 84 هەزار تمەن
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە تمەن بەرزبووەوە بۆ زیاتر لە 84 هەزار تمەن.
لە کاتێکدا رۆژی رابردوو یەک دۆلار بە نزیکەی 82 هەزار تمەن مامەڵەی پێوە دەکرا، بەڵام لێدوانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران کە رایگەیاند، بە ئەگەری زۆرەوە دانوستاندنەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا ئەنجامی نابێت، بووە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار.
ماڵپەڕی نەڤەسان، تایبەت بە نرخی دراوەکان لە بازاڕی نێوخۆی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی یەک دۆلاری بەرامبەر بە 84 هەزار و 150 تمەن داناوە.
لە لایەکی دیکەوە، راپۆرتێکی هەواڵگری کە بەدەست بەرپرسانی ئەمریکا گەیشتووە، ئاشکرای دەکات ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات. بەو پێیەش ئەگەری بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە تمەن لە چەند رۆژی داهاتوودا هەیە.