کۆمپانیای تاقە 18.9 ملیۆن دۆلاری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە

رووداو - هەولێر


کۆمپانیای تاقە، کە کۆمپانیای سەرکارە لە کێڵگەی نەوتی ئەترووش لە هەرێمی کوردستان، لە مانگی ئاداردا بڕی 18.9 ملیۆن دۆلاری لەبری هەناردەکردنی نەوت لەو کێڵگەیە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە.


بەپێی راگەیاندراوێکی کۆمپانیای شاماران، کە کۆمپانیای هاوبەشە لە کێڵگەی ئەترووش، لەو بڕە پارەیەی وەرگیراوە، 14 ملیۆن دۆلاری لەبری حەقدەستی کۆمپانیاکان بووە بۆ هەناردەکردنی نەوت و، چوار ملیۆن و 900 هەزار دۆلاری دیکەش وەکو خەرجیی راکێشانی بۆری بووە لەو کێڵگەیەوە بۆ بۆری سەرەکی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان - جەیهان بە کۆمپانیاکە.



کۆمپانیای شاماران کۆمپانیایەکی کەنەدییە و خاوەنی رێژەی لەسەدا 20.1ـی پشکەکانی کێڵگەی ئەترووشە، لەگەڵ کۆمپانیای ماراسۆنی ئەمریکی رێککەوتووە بۆ کڕینی رێژەی لە سەدا 15ـی پشکەکانی کۆمپانیای ماراسۆن لەو کێڵگەیەدا، هەروەها تاقە، کۆمپانیا نیشتمانیی نەوتە لە ئەبوزەبی و کۆمپانیای سەرکاریشە لە کێڵگەی ئەترووش.


ئەو راگەیەندراوە لەکاتێکدایە، دوێنێ کۆمپانیای DNO رایگەیاندبوو، بڕی 62.19 ملیۆن دۆلاری وەکو حەقدەستی هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگەی تاوکێ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە وەرگرتووە.

 

داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار