نرخی نەوتی برێنت دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
هاوکات لەگەڵ سەپاندنی سزای نوێ بۆسەر کەرتی نەوتی ئیران لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە، نرخی نەوت رۆژی هەینی دابەزی.
رۆژی هەینی نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور، یەک دۆلار و 84 سەنت دابەزی و بە 77 دۆلار و 1 سەنت مامەڵەی پێوە کرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 21 سەنت دابەزی و بە 74 دۆلار و 93 سەنت مامەڵەی پێوە کرا.
لە ئاستی هەفتانەدا نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 3.4% و نرخی نەوتی سووکی تەکساس بە رێژەی 2.7% بەرزبوونەوەیان بەخۆیانەوە بینیوە. هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا بۆ شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەگەڕێتەوە.
بەڵام، دابەزینی رۆژی هەینیی نرخی نەوت دوای ئەوە دێت ئیدارەی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر 20 دامەزراوە و کەسایەتی و کۆمپانیادا سەپاندووە، کە هۆکار بوون بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران و بازدان بەسەر گەمارۆکانی سەر ئەو وڵاتەدا.
جۆن کیلدۆگ، بەڕێوەبەری کۆمپانیای راوێژکاریی (ئێگەین کاپیتاڵ) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئەوەی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر نەوتی ئێران سەپاندووە، ئاماژەیەکی داوەتە بازرگانان کە رەنگە ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ رێگەی دیکەی جگە لە بەشداربوونی راستەوخۆ لە شەڕ بگرێتەبەر."
سەرۆکی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە دوو هەفتە مۆڵەتی دایە ئێران بۆئەوەی رێگە بۆ دانوستاندن و دیپلۆماسی خۆش بکات و کۆتایی بە شەڕ بێت.