هەرێمی کوردستان تەرازووی پێداچوونەوەی داهات و خەرجیی دوو مانگی رادەستی بەغدا کردووە
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەیەکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە (داهات و خەرجی) بۆ دوو مانگ رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەکات. لیژنەیەکی بەغداش هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دەکات.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی رووداو لە دوو سەرچاوەی بەرپرس لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستی کەوتوون، شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە بەغدان و رۆژی 20ی تەممووز تەرازووی پێداچوونەوەی مانگەکانی ئایار و حوزەیرانیان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە.
بەگوێرەی ئەو لێکتێگەیشتنەی نێوان هەولێر و بەغدا، کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 17ی تەممووز پەسندی کرد، تیمێکی کاری هاوبەش لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی وەزارەتی دارایی و ئابووری و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان پێکدەهێندرێ، بە مەبەستی پۆلێنکردن و وردبینیکردنی داهاتە نانەوتییەکان و دیاریکردنی پشکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو داهاتانە لە مانگی ئایاری 2025ـەوە، لەگەڵ رەچاوکردنی بەهای هەموو داهاتە نانەوتییەکان بەپێی تەرازووی پێداچوونەوە کە لە راپۆرتە هاوبەشەکانی نێوان دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی هەرێمی کوردستان هاتووە.
سەرچاوەکەی رووداو لە حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، "دوای رادەستکردنی ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی ئەو دوو مانگە، وەزارەتی دارایی فیدراڵی وردبینیی تێدا دەکات و ئەوە قۆناخی بەر لە رادەستکردنی داهاتە. بۆ مانگی تەممووزیش، لیژنەیەک لە هەولێر وردبینی لە تەرازووی پێداچوونەوە دەکات."
بەگوێرەی لێکتێگەیشتنەکە، هەرێمی کوردستان تەواوی نەوتی بەرهەمهێندراوی ئێستا رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات کە بە 230 هەزار بەرمیلی نەوتی رۆژانە مەزەندە کراوە؛ 50 هەزار بەرمیلی دیکەشى بۆ پێویستیی ناوخۆیی و بەرهەمە نەوتییەکان بەکاردەهێنرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، رۆژی 17ی تەممووز شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە بۆ خەمڵاندنی ئاستی بەرهەمهێنانی ئێستای نەوت و لەگەڵ نوێنەری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، سەردانی ئەو کێڵگانەیان کردووە کە نەوتیان لێ بەرهەمدەهێنرێت.
سەرچاوەکەی رووداو لە حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، "لیژنەکە گەیشتووەتە ئەو هەڵسەنگاندنەی کە ئێستا و بەهۆی کاریگەریی هێرشەکان بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت، هەرێمی کوردستان توانای بەرهەمهێنانی 80 هەزار بەرمیلی نەوتی رۆژانەی هەیە و لیژنەکە دواى گەڕانەوەى، ئەو زانیارییانە دەداتەوە وەزارەتەکەی."
بڕیارە رۆژی سێشەممە، 22ی تەممووز، شاندێکی تەکنیکیی نێوان هەولێر و بەغدا کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی داهات و بڕی نەوتی بەرهەمهێنراو بەمەبەستی رادەستکردنی.