بەڕێوەبەری بانکی رافیدەین: هیچ سزایەکمان لەسەر نییە

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی بانکی رافیدەین ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە، کە باس لە سەپاندنی سزای نێودەوڵەتیی بەسەر بانکەکەیاندا دەکەن.
 
رۆژی دووشەممە، 21ی تەممووز، عەلی کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی بانکی رافیدەین رایگەیاند، "هیچ جۆرە سزایەک لەسەر بانکەکەمان نییە و سەرجەم ئەو هەواڵانەی باس لە سزادانمان دەکەن دوورن لە راستییەوە، ئەو جۆرە هەواڵانە لە بەرژەوەندی هەندێک لایەندان و سوودی لێدەبینن."
 
عەلی کەریم باس لەوە دەکات، "نزیکەی 80٪ی جووڵەی بازرگانیی عێراق لە رێگەی بانکی رافیدەینەوەیە."
 
قسەکانی بەڕێوەبەری گشتیی بانکی رافیدەین، لە کاتی میوانداریکردنی بوو لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە.
 
پێشتر هێزەکانی دەستەی حەشدی شەعبی لە رێگەی بانکی رافیدەینەوە مووچەیان وەردەگرت، بەڵام لە رۆژی 28ـی مانگی رابردوو، دەستەکە مووچەی هێزەکانی لە بانکی رافیدەینەوە بۆ بانکی نەهرەینی ئیسلامی گواستەوە.
 
ئەو کێشەیەش لە کاتێکدا بوو، کۆمپانیای (کى کارد) بۆ گواستنەوەی پارە لە رێگەی ئامێرەکانی (ئەی تی ئێم)ـەوە، ئامادە نەبووە مووچە بۆ کارمەندانی دەستەی حەشدی شەعبی بگوازێتەوە.
 
بانکی نەهرەینی ئیسلامی سەر بە وەزارەتی دارایی فیدراڵە و خزمەتگوزاریی دارایی پێشکێش دەکات.
 
ئەمڕۆش فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، میکانیزمی نوێی دابەشکردنی مووچە پشت بە "کارتی زیرەکی موهەندیس" دەبەستێت، کە بەستراوەتەوە بە ئامێری تایبەت بە خەرجکردنی مووچە و لە چەندین شوێنی دیاریکراودا بڵاوکراونەتەوە.
 
فەرمانگەکە راشیگەیاندووە، هاوئاهەنگیی لەگەڵ لقەکانی بانکی نەهرەینی ئیسلامیدا دەکرێت بۆ مسۆگەرکردنی فراوانکردن و زیادکردنی خاڵەکانی دابەشکردن
 
بەگوێرەی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق 2023،2024 و 2025، حەشدی شەعبی 238 هەزار و 75 چەکداری هەیە.