تورکیا رەزامەندی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان پێشان دەدات

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، کۆبوونەوەکانی تیمە هونەرییەکانی عێراق و تورکیا لەبەندەری جەیهان کۆتاییان هات و تورکیا رەزامەندی پێشانداوە تاوەکو هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 21ـی ئاب ی 2025 سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتوو بە رووداوی راگەیاند: "ئێستا چاوەڕێی هەرێمی کوردستانن نەوت رادەست بکات و لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە دەست بە فرۆشتنی بکرێت."
 
رۆژی 22ـی حوزەیران فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا پرسی هەناردەکردنی نەوتیان تاوتوێ کرد. لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق گوتی: "وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لە گرنگیی خێراکردنی هاوئاهەنگیی تەکنیکی و کارگێڕی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە کردووەتەوە."
 
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە تیمەکان تا کۆتایی ئەم مانگە لە تورکیا دەمێننەوە، بەڵام "هیچ کۆبوونەوەیەکی دیکە ناکەن، چونکە وەزارەتی وزەی تورکیا رەزامەندی کۆتاییان پێشانداوە و پێویست بە کۆبوونەوەی دیکە ناکات."
 
سەرچاوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراقیش رایگەیاند: "ئەمرۆ نەوت رادەست بکرێت دەتوانرێت دەست بەهەناردەکردنی بکرێت و سەرجەم ئەو رێکارانەی پێویست بوون تەواوکراون."
 
لە 25ـی ئادارى 2023ەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیراوە. هەموارى یاسای بودجە لە 17ـى شوباتى ئەم ساڵ چووە وارى جێبەجێکردن بۆ ئەوە بوو بەربەستەکانى بەردەم دەستپێکردنەوەى ئەو هەناردەیە چارەسەر بکرێن.
 
هەرچەندە رۆژی 19ـی تەممووز د. عەبدولساحب بزوون، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان لێکتێگەیشتنی باش هەیە و لە ماوەیەکی نزیکدا هەناردەکردنی نەوت دەستپێدەکاتەوە. بەڵام تائێستا دەستیپێنەکردووە.