یەک دۆلار بە زیاتر لە 102 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ یەکشەممە نرخی یەک دۆلار بەرامبەر بە تمەن زیاتر لە 2000 تمەن بەرزبووەوە، یەک دۆلار بە 102 هەزار و 700 تمەن مامەڵەی پێوەکرا.
 
لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا، بەرزترین ئاستی دۆلار بەرامبەر بە تمەن 103 هەزار و 300 تمەن و کەمترین ئاستیشی 100 هەزار و 550 تمەن بووە.
 
بەو پێیەش لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن بە رێژەی 4.9٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و لە ماوەی 6 مانگی رابردوودا بە رێژەی 3.53٪ بەرامبەر بە تمەن بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
 
بازرگانانی دراو لە ئێران پێیان وایە هۆکاری دابەزینی بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلار، کەمیی خستنەڕوو یان زیادبوونی خواست نییە بۆ دۆلاری ئەمریکی، بەڵکو مەترسی و دڵەراوکێی سیاسییە.
 
تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە بە ئەگەری زۆرەوە سزاکانی سەر ئیران لەسەر ئەو وڵاتە کارا دەکرێنەوە، ئەوەش کەشێکی نەرێنی لە بازاڕەکانی ئێراندا دروستکردووە.
 
گەڕانەوەی سزاکانی سەر ئێران دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی بەرچاوی هەناردەکردنی نەوتی ئێران.