کۆمیسیۆن بۆ رووداو: 380 ملیار دینار بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن تەرخانکراوە
رووداو دیجیتاڵ
لەبارەی بودجەی گشتیی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، بودجەی تەرخانکراو بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە نزیکەی 380 مليار دينارە.
ئەمڕۆ سێشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2025 عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بودجە تەرخانکراوە بۆ دابینکردنی کەلوپەلە لۆجستییەکان، کە کۆمیسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن پێویستی پێی دەبێت."
عیماد جەمیل گوتی، "جگە لە کەلوپەلە لۆجستییەکان، ئەم بودجەیە بۆ چاککردنی ئامێرەکان، پرۆسەی راهێنانی کارمەندان و شایستەی دارایی کارمەندان دەبێت، کە ژمارەیان 250 هەزارە، هەروەها کارمەندانی دەوڵەت کە 150 هەزار و دەرچووانی زانکۆکان کە ئەوانیش 250 هەزار پاداشت وەردەگرن، ئەمانە هەموویان لەسەر ئەم بودجەیە دەبێت."
دابەشکردنی پارە و شایستە داراییەکان بە چەند گوژمەیەک و لە چەند کاتێکی جیاوازدا دەبێت.
عیماد جەمیل لەبارەی ئەو بودجەیەی بۆ هەرسێ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە، دەڵێت، "لە هەمان بودجەی گشتیی عێراق بەپێی وێستگە و بنکە و کارمەندان بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن، بەشی بودجەی هەرێمی کوردستان دابین کراوە."
بڕیارە 09-11-2025 دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بکرێت، لەو دەنگدانەدا ئاوارەکان، بەشێکی زیندانیان، هێزە ئەمنییەکان و نەخۆشان دەنگ دەدەن، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لەوبارەوە دەڵێت، "کارمەندان و هێزە ئەمنییەکانی سەر بە وەزارەتەکانی ناوخۆی عێراق و کوردستان، وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە، دژە تیرۆر، دەستەی حەشدی شەعبی لەو دەنگدانەدا بەشداری دەکەن."
بەپێی ئاماری کۆمیسیۆن بۆ دەنگدانی تایبەت 4501 وێستگە دانراون، 1170 وێستگە لە هەولێر، 951 وێستگەش لە هەرێمی کوردستانن، بنکەکانی دیکەش لە پارێزگا جیاوازەکانی عێراق دادەنرێن.
لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، نزیکەی 8 هەزار بەربژێر لە 18 بازنەی جیاوازدا رکابەری لەسەر 329 کورسیی پەرلەمان دەکەن، لەو ژمارەیە 5520 بەربژێر پیاو و 2248 بەربژێری ژن.