عێراق و تورکمانستان یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە بواری وزە و گازدا واژۆ دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
لە بەغدا کۆبوونەوەی گەڕی چوارەمی راوێژی سیاسی لەنێوان عێراق و تورکمانستان بەڕێوەچوو، تێیدا یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە بواری وزە و هاوردەکردنی گازدا واژۆ کرا.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی هاریکاریی دووقۆڵی لەنێوان هەردوو وڵات و رێگاکانی بەهێزکردنی لە بوارە جیاوازەکاندا کرا، بەتایبەتی لە کەرتەکانی ئابووری، بازرگانی و وەبەرهێنان، لە چوارچێوەی رێککەوتن و یاداشتە لێکتێگەیشتنە واژۆکراوەکانی نێوانیاندا."
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوە، لە کۆبوونەوەکەدا یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان عێراق و تورکمانستان بۆ هاریکاری لە بواری وزە و هاوردەکردنی گازدا واژۆ کرا؛ "یاداشتنامەکە هاوکار دەبێت لە دابینکردنی پێداویستییەکانی هەردوو وڵات لە سەرچاوەکانی وزە."
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا هاتووە، "هەردوولا لەسەر ژمارەیەک هەنگاوی کرداری رێککەوتن، کە لە داهاتوویەکی نزیکدا تاوتوێ دەکرێن، وەکو ئامادەکارییەک بۆ جێبەجێکردنیان بەشێوەیەکی هاوبەش، تاوەکو ببێتە دەروازەیەک بەرەو پەیوەندیی ستراتیژی کە خواستەکانی هەردوو وڵات بەدیبهێنێت."
عێراق سنووری هاوبەشی لەگەڵ تورکمەنستان نییە و دەبێت لە رێگەی ئێرانەوە ئەو گازە هاوردە بکات.