میدیاکانی ئەمریکا بەهۆی سستبوونەوەی ئابووریی وڵاتەکە ژمارەی کارمەندەکانیان کەمدەکەنەوە

رووداو دیجیتاڵ 

میدیاکانی ئەمریکا لە (سی ئێن ئێن)ـەوە تاوەکو (واشنتن پۆست)، رووبەڕووی قەیرانێکی سەخت بوونەتەوە. پێشبینییەکان دەڵێن؛ ئابووریی ئەمریکا رووبەڕووی سستبوونەوە دەبێتەوە، ئەمەش میدیاکانی نیگەران کردووە و رایانگەیاندووە هێزی کاری خۆیان کەمدەکەنەوە.
 
کۆمپانیای ڤۆکس میدیا، خاوەنی ماڵپەڕەکانی (ڤۆکس) و ( ڤێرج) و هەروەها گۆڤاری نیویۆرک و پلاتفۆرمە ئۆنلاینەکەی رایانگەیاندووە 7٪ی کارمەندەکانیان کەمدەکەنەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر هەر یەک لە CNN، NBC، MSNCBC و Buzzfeed کارمەندانیان کەمکردبووەوە.
 
جیم بانکۆڤ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڤۆکس میدیا لە ئیمەیلێکدا بە کارمەندانی راگەیاند: "بڕیاری کەمکردنەوەی 7٪ ی هێزی کاریان، بڕیارێکی سەخت بووە، بەڵام بڕیارەکە لەبەر ژینگەی سەختی ئابوورییە کە مۆدێلی بازرگانی و پیشەسازی میدیاکانی رووبەڕووی ئاستەنگ کردووەتەوە."
 
مێگان ماک کارێن، رۆژنامەنووسێکی خاوەن خەڵاتە، 9 ساڵ لە ماڵپەڕی (ئیتەر) کاری کردووە کە ماڵپەڕێکی تایبەت بە ئامادەکردنی خواردنە و لەلایەن ڤۆکس میدیاوە خاوەنداریێتی دەکرێت. مێگان لە هەژماری تویتەری خۆیدا دەڵێت: ئەو یەکێکە لە کارمەندانی ڤۆکس میدیا کە لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە، لە کاتێکدا 37 هەفتەیە دووگیانە.
 
مێگان هەروەها دەڵێت: "من و هاوژینەکەم زۆر خۆشحاڵین کە دەبینە دایک و باوک، بەڵام دوای دوورخستنەوەم لە کارەکەم، ناتوانم بەرگەی ئەو هەموو نادڵنیاییە بگرم کە رووبەڕووم دەبێتەوە."
 
گوتەبێژی ڤۆکس میدیا رایگەیاندووە، لە رووی داراییەوە پاکێجی جیاوازی هاوکارییان هەیە بۆ ئەو کارمەندانەی کە بەڕێیان دەکات، بەتایبەتی ئەوانەی کە دەبنە باوک و دایک.
 
رۆژنامەڤانی دیکە کە سەر بە میدیاکانی دیکە بوون و کارەکانیان لەدەستداوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ناڕەزایەتی و تووڕەیی و بێ هیوایی خۆیان دەربڕیوە.
 
کریس رۆش، مامۆستای زانکۆ و شارەزای پەیوەندییەکان دەڵێت: "هەرچەندە دوورخستنەوی کارمەندان لە میدیاکاندا هێندەی کۆمپانیا گەورەکانی تەکنۆلۆژیا نەبووە، بەڵام ئەوە دەریدەخات کە کۆمپانیا میدیاییەکان تاوەکو چەند لە ژێر گوشاردان بەتایبەتی لەبەر کەمبوونەوەی داهاتیان لە رێگەی ریکلامەوە."
 
ئەو شارەزایە پێیوایە: "زۆربەی ئەو میدیایانە گەورە بوون و ژمارەی کارمەندانیان زیادکرد بەو هیوایەی کە خوێنەران، بیسەران و بینەرانیان زیادبکات. بەڵام ئەوە رووینەداوە و بە لەبەرچاوگرتنی رەوشی ئابووری ئێستاش رەنگە هەر روونەدات."
 
ناوەندی لێکۆڵینەوەی (Pew) دەریخستووە، ژمارەی کارمەندانی ژووری هەواڵ لە ئەمریکا بەردەوام بووە لە دابەزین. راپۆرتی Pew ئاشکرای دەکات، ژمارەی کارمەندانی ژووری هەواڵ لە ئەمریکا لە 114 هەزار رۆژنامەڤان لە ساڵی 2008دا دابەزیوە بۆ 85 هەزار رۆژنامەڤان لە ساڵی 2020 دا.
 
ئەنجوومەنی نووسەرانی ئەمریکا دەڵێت: "کاری رۆژنامەڤانی ماوەیەکی درێژە لە ئەمریکا لە ژێر گوشاردایە. کۆمپانیا میدیاییەکان ئەمەیان وەک هەل گواستووەتەوە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کارمەندانیان و بەوپێیەش بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی زیان بە کاری رۆژنامەڤانی و رۆژنامەنووس بگات."
 
بەپێی میدیا ئەمریکییەکان، تەلەفزیۆنی NBC و MSNBC پێکەوە 75 کارمەند و رۆژنامەڤانیان لە کارەکانیان دوورخستووەتەوە.
 
هەفتەی رابردوو فرێد رایان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری واشنتن پۆست هۆشداریدا لە کەمکردنەوەی دەیان پۆست لە رۆژنامەکەی و رایگەیاند، بە رێژەی کەمتر لە 10٪ ژمارەی رۆژنامەنووسانی کەمدەکاتەوە. رۆژنامەکە خاوەنی 2500 کارمەندە.
 
لە مانگی 12دا گۆڤاری واشنتن پۆست پاشکۆی (ساندەی) گۆڤارەکە کە خاوەنی دوو خەڵاتی پۆلیتزەرە داخست. سالی بازبی، ئیدیتەری گۆڤارەکە هۆکاری داخستنی پاشکۆی ساندەی بۆ (گۆڕینی دیجیتاڵی و جیهانی رۆژنامە) گەڕاندەوە.
 
میدیا نێوخۆییەکانی ئەمریکا هەروەها ئاشکرایان کردووە، لە چەند مانگی رابردوودا تەلەڤیزیۆنی CNN لە 4 هەزار کارمەندی خۆی چەند سەد کەسی لە کارەکانیان دوورخستووەتەوە، هەرچەندە هێشتا خودی CNN دانی بەوەدا نەناوە.
 
کەمکردنەوەی چەند سەد کارمەندی CNN دوای یەکگرتنەوەی دوو کۆمپانیای میدیایی وارنەر کە خاوەنی CNN و HBO یە لەگەڵ کۆمپانیای دیسکەڤەری دێت.
 
یەکگرتنی کۆمپانیای وارنەر و دیسکەڤەری بووەتە هۆکار بۆ دروستبوونی کۆمپانیایەکی زەبەلاحی میدیایی لە ژێر ناونیشانی (وارنەر بروس دیسکەڤەری). 
 
کۆمپانیا نوێیەکە کۆتایی بە پەخشی تایبەتی CNN+ هێناوە کە بە پارە خزمەتگوزارییەکانی دەفرۆشت و قەبارەکەی 100 ملیۆن دۆلار بوو.
 
(ناڤین سارما)، شارەزای پەیوەندییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (ئێس ئەند پی گڵۆباڵ رەیتینگ) دەڵێت، "ژماری هاوبەشەکانی تەلەڤیزیۆنە نەرتیتییەکان لە ئەمریکا بەردەوام روو لە کەمبوونە."
 
سارما جەخت لەوە دەکاتەوە کەمبوونەوەی بینەر و خوێنەر بە تایبەتی میدیا بچووک و لۆکاڵییەکانی گرتووەتەوە. ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، CNN و واشنتن پۆست هەر دەمێننەوە، بەڵام میدیاکانی دیکە کە نەیانتوانیوە براندی میدیایی خۆیان پێشبخەن رووبەڕووی کێشەی گەورە دەبنەوە.