د. ترەیدەر: زەحمەتە بەمزووانە زێڕی هەرزان ببینین

رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ ژمارەی پێوانیی نوێی تۆمارکرد و پسپۆڕێکی بازاڕە داراییەکانیش دەڵێت، بەهۆی دۆخی جیۆسیاسی و کێشەکانی نێوان ئەمریکا و ئەورووپا، "زەحمەتە بەمزووانە زێڕی هەرزان ببینین"، تەنانەت دابەزینەکانیش بە دەرفەت بۆ کڕین دادەنێت.
 
ئەمڕۆ نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و زیاتر لە 100 دۆلار چووە سەرەوە، بەجۆرێک گەیشتە 4860 دۆلار؛ ئەمەش دوای ئەوەی پێشتر ئاستی 4884 دۆلاریشی تۆمارکردبوو.
 
د. محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان کە بە (د. ترەیدەر) ناسراوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو رووداوانەی روودەدەن و ئاماژەکان پێمان دەڵێن: "جارێ بەتەما نەبین زێڕێکی هەرزان ببینین. نرخی زێڕ هەر بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوە."
 
بە بڕوای ئەو پسپۆڕە، ئەگەر کەسێک دەیەوێت لەبری پارەی کاش زێڕ هەڵبگرێت، "هەرکاتێک زێڕ بکڕن کێشەیان نابێت، چونکە زێڕ بەهای پارەکەیان رادەگرێت."
 
د. ترەیدەر هۆکاری سەرەکیی ئەم بەرزبوونەوەیە بۆ دوو خاڵ دەگەڕێنێتەوە:
 
یەکەم: ناکۆکی و گرژییە جیۆسیاسییەکان، بەتایبەتی گرژییەکانی ئەمدواییەی نێوان ئەمریکا و ئەورووپا کە لەسەر پرسی "کڕینی گرینلاند" لە لایەن ئەمریکاوە دروستبوون.
 
دووەم: دابەزینی بازاڕی پشکەکان. د. ترەیدەر دەڵێت، ئێوارەی دوێنێ بازاڕی پشکەکانی ئەمریکا بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزین، ئەمەش وایکرد سەرمایە لە بازاڕی پشکەکانەوە دەربهێندرێت و وەک "پارەی راستەقینە" بخرێتە نێو بازاڕی زێڕ و کانزاکانەوە.
 
ئەو پسپۆڕە ئاماژە بەوە دەکات، دوور نییە زێڕ دابەزین تۆماربکات، بەڵام هەر دابەزینێک کاتی دەبێت، تەنانەت ئەگەر 100 دۆلاریش بێت؛ بۆیە دەڵێت: "هەر دابەزینێک لە نرخی زێڕ دەکرێت دەرفەتی کڕین بێت".
 
دوو ناوچەی کڕین
 
بۆ ئەو کەسانەی لە بازاڕەکاندا مامەڵەی کاتی (Trading) دەکەن، د. محەممەد ئەمین ئاستەکانی کڕین و فرۆشتن بەمشێوەیە دیاری دەکات:
 
ناوچەی کڕین: ئاستی 4818 بۆ 4820 دۆلار بە یەکەمین ناوچەی کڕینی زێڕ دادەنرێت؛ هەروەها دەکرێت 4777 دۆلاریش ناوچەیەکی دیکەی گونجاو بێت.
 
ناوچەی فرۆشتن: دەکرێت ئاستی 4909 دۆلار ناوچەیەکی گونجاو بێت بۆ فرۆشتن، بەڵام دۆخەکە هەستیارە و دەبێت بەوریاییەوە مامەڵە بکرێت.
 
د. ترەیدەر هۆشداریش دەدات کە ئەم شیکارییە لەسەر بنەمای رووداوەکانی ئێستایە و دەکرێت لە هەر کاتێکدا رووداوێکی نوێ پێشبینییەکان بگۆڕێت.
 
سەبارەت بە زیو، کە ئەمڕۆ ئۆنسەیەک بە نزیکەی 95 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، د. ترەیدەر پێشبینی دەکات بگاتە 100 بۆ 105 دۆلار، بەتایبەت ئەگەر چارەنووسی بەشێک لە وڵاتان و رووداوە جیۆسیاسییەکان یەکلایی نەبنەوە.
 
سەبارەت بە کڕینی "زیوی فیزیکی"، ئەو پسپۆڕە دەڵێت: "لەم نرخەی ئێستا، زیوی فیزیکی ناکڕم؛ بەڵکو ئەگەر زیو بێتە ئاستی 70 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، ئەوکاتە وەکو زیوی فیزیکی دەیکڕم."
 
هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی زیو بە بڕوای د. ترەیدەر، ئەو رێکلام و بانگەشە زۆرەیە کە بۆی کرا، ئەمەش وایکردووە خەڵکی ئاساییش بە بڕێکی زۆر بیکڕن.
 
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە نرخی ئۆنسەیەک زیو زیاتر لە 22 دۆلار و، ئۆنسەیەک زێڕیش زیاتر لە 250 دۆلار بەرزبوونەتەوە.