پارێزگاری واست هاوردە و هەناردەکردنی گەنم قەدەخەدەکات
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاى واست لە ناوەڕاستى عێراق بڕیاری دا، چیدی رێگە نەدرێت هاوردە و هەناردە گەنم بۆ ئەو شارە، هاوکات هاوردەکردنی هەموو جۆرە بەرهەمێکى پەلەوەریی مریشک و ماسی بۆ ئەو شارە قەدەخە کرا.
بەگوێرەى بەیاننامەیەکى نووسینگەى محەممەد مەیاحى، پارێزگارى واست، بە پێشنیازى لیژنەى کشتوکاڵى شارەکە سێ بڕیاڕ دراوە بۆ پاراستنى بەرهەمى نێوخۆیی واست.
یەکێک لە بڕیارەکان ئەوەیە کە لە ئەمڕۆوە (22ى ئادارى 2022) رێگە نادرێت گەنم ببرێتە ناو ئەوشارەوە یان لێوەى ببرێتە دەرەوە، تاوەکو وەرزى بەبازاڕکردنى گەنم، کە بەگوێرەى بڕیارى وەزارەتى بازرگانی بۆ ئەمساڵ یەکى مانگى نیسان دیاریکراوە.
هەر بەگوێرەى بڕیارەکانى ئیدارەى پارێزگاکە رێگە نادرێت هیچ جۆرە ئالیکێک لە واست بچێتە دەرەوە بەمەبەستى فرۆشتنى لە دەرەوەى عێراق.
سێیەم بڕیار، کە ئیدارەى شارەکە داویێتى، رێگریکردنە لە هاوردەکردنی هێلکە و مریشک و ماسی بۆ نێو پارێزگاکە، کە بەگوێرەى بەیاننامەى پارێزگاى واست ئەو بەرهەمە لە نێوخۆى شارەکە بەشی پڕکردنەوەى پێداویستىی نێوخۆیی دەکات.
واست شارێکى زۆرینە شیعەى عێراقە، ژمارەى دانیشتووانەکەی بە زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس دەخەمڵێندرێت.
لەبەیاننامەى پارێزگاى واست هاتوە: "ئەو بڕیارانە بەهۆى ئەوەوە دەرکران کە بەشێک لە بازرگانەکان یارییان بە قوتى هاووڵاتیانەوە کردووە، بەبێ رەچاوکردنى دۆخى ئابووريى هاووڵاتیان".