دەزگایەکی بەریتانی: تەقینەوەیەک لە نزیک کەشتییەکی بازرگانی لە کەنداو روویدا

 
رووداو دیجیتاڵ

دەزگایەکی بەریتانی کە تایبەتە بە چاودێریکردنی هاتووچۆی کەشتییەکانی سەرانسەری جیهان، رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، تەقینەوەیەک لە نزیک کەشتییەکی گەورەی بارهەڵگر لە کەناراوەکانی ئیمارات روویداوە.
 
دەزگای ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی شانشینی یەکگرتوو (UKMTO) بڵاویکردەوە، راپۆرتێکیان پێگەیشتووە سەبارەت بە رووداوێک لە دووری 15 میلی دەریایی (28 کیلۆمەتر) لە باکووری میرنشینی شاریقە. بەپێی راپۆرتەکە، "کەشتییەکی بارهەڵگر ئاشکرای کردووە کە تەقینەوەیەک بەهۆی تەنێکی نەناسراوەوە لە نزیک کەشتییەکە روویداوە."
 
دەزگاکە دڵنیایی دا کە "هەموو ئەندامانی ستافی کەشتییەکە سەلامەتن" و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
 
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە شەوی شەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی وێرانکردنی وێستگەکانی کارەبای ئێرانی کرد ئەگەر لە ماوەی 48 کاژێردا تەنگەی ستراتیژیی هورمز لە کەنداو نەکرێتەوە، کە ئێستا بەهۆی جەنگەوە داخراوە.