نرخی گاز لە دهۆک سێ هێندە بەرزبووەتەوە و بەشێک لە سەمونخانەکان داخراون


رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی جەنگی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا، نرخی گاز لە پارێزگای دهۆک سێ هێندە بەرزبووەتەوە. ئەمەش بارگرانییەکی زۆری بۆ خاوەن سەمونخانەکان دروستکردووە، چونکە لە کاتێکدا تێچووی سووتەمەنی زۆر زیادی کردووە، نرخی نان و سەموون وەک خۆی ماوەتەوە و داهات و خەرجییان وەک یەک نییە.
 
زێرەڤان عارف، خاوەنی سەموونخانەیەکە و بە رووداوی گوت: "پێش گرژییەکانی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا، نرخی یەک لیتر گاز تەنیا 450 دینار بوو، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە 1400 دینار". ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم گرانبوونە بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەک لە سەمونخانەکان دەرگاکانیان دابخەن.
 
مۆڵەتی 10 رۆژ بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان
 
یوسف عەدنان، پیشەی نانەوایە، ئاماژە بەوە دەکات، خاوەن سەمونخانەکان بەهۆی ئەم دۆخەوە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامداوە و هەڕەشەی داخستنی سەمونخانەکان و بڕینی نان دەکەن.
 
هاوکات ئەیاز بابۆخکی، نوێنەری سەمونخانەکان رایگەیاند، ئەوان 10 رۆژ مۆڵەتیان وەک دەرفەتێک داوەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی بەدەم داواکارییەکانیانەوە بێن و چارەسەرێکی گونجاو بدۆزنەوە.
 
1300 سەمونخانە لە چاوەڕوانیی چارەسەردان
 
بەپێی ئامارەکان، نزیکەی 1300 سەمونخانە لە پارێزگای دهۆکدا هەن. هەر یەکێک لەو سەمونخانانە مانگانە پێویستی بە نزیکەی سێ هەزار لیتر گاز هەیە. ئێستا خاوەن سەمونخانەکان چاوەڕێی چارەسەرن بۆ ئەوەی ناچار نەبن ئاگری فڕنەکانیان بکوژێننەوە و کارەکانیان رابگرن.