ئێران رۆژانە زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای ئەوەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران پێی ناوەتە هەفتەی چوارەمییەوە، تاران توانیویەتی هەناردەی نەوتەکەی بە بەهێزی بهێڵێتەوە و بڕێکی زۆر نەوت لەرێگەی تەنگەی هورمزەوە بنێرێتە دەرەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە هاتووچۆی کەشتییەکانی دیکە زۆر کەمیکردووە.
بەپێی خەمڵاندنی کۆمپانیای Kpler، کە تایبەتە بە شرۆڤە و توێژینەوەی وزە، لە سەرەتای مانگی ئاداری 2026ـەوە ئێران زیاتر لە 16 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە کردووە. ئەمەش دەکاتە نزیکەی 1.1 بۆ 1.5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
ماڵپەڕی (TankerTrackers.com) کە تایبەتە بە زانیاریی گواستنەوەی دەریایی، پشتڕاستی کردووەتەوە کە لە کۆتایی مانگی شوباتەوە 13.7 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە کراوە و تاوەکو نێوەڕاستی مانگی ئاداریش چەندین کەشتیی زەبەلاحی نەوتهەڵگر لە دوورگەی خارگ لە ئێران بارکراون.
ئامارەکانی پێش جەنگ
ئەم ژمارانە درێژەی ئەو ئاستە بەرزەی هەناردەن، کە پێش جەنگەکە هەبوون.
لە مانگی شوباتی 2026 پێش ئەوەی جەنگ هەڵبگیرسێت، هەناردەی نەوتی ئێران 2 ملیۆن بەرمیلی رۆژانەی تێپەڕاندبوو. رێکخراوی (UANI) دەڵێت تێکڕای هەناردە 2.17 ملیۆن بەرمیل بووە لە رۆژێکدا، کە کۆی گشتی دەکاتە 60.7 ملیۆن بەرمیل لەو مانگەدا. ئەمەش بەراورد بە مانگی کانوونی دووەم 20% زیادیکردبوو، کە نیشانی دەدات تاران پێشوەختە و پێش هێرشەکان هەناردەی زیادکردووە و نەوتی کۆگاکردووە.
ئێستا رێژەی هەناردە هەرچەندە کەمترە لە مانگی شوبات، بەڵام نزیکە لە تێکڕای هەناردەی ساڵی 2025 کە 1.69 ملیۆن بەرمیل بوو لە رۆژێکدا.
ئێران رێڕەوێکی هەناردەکردنی بۆ کەشتییەکانی خۆی و هاوپەیمانەکانی وەک چین هێشتووەتەوە کە زۆرجار ئامێری چاودێری دەکوژێننەوە، لە کاتێکدا رێگری لە کەشتیی وڵاتانی دیکە دەکات. بەپێی زانیارییەکانی (Lloyd’s List)، لە نێوان 1 بۆ 15ی ئادار، نزیکەی 90 کەشتی کە 16یان نەوتهەڵگرن بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون، کە زۆربەیان پەیوەندییان بە ئێران یان چینەوە هەبووە.
ناکۆکی لەسەر نەوتی کۆگاکراو
وەزارەتی نەوتی ئێران ئەمدواییە رایگەیاند کە "هیچ نەوتێکیان لە نێو کەشتییەکاندا نییە" و نەوتی زیادەیان نییە بیفرۆشن. بەڵام وێنەی مانگە دەستکردەکان پێچەوانەی ئەمە دەردەخەن و نیشانی دەدەن کە بارکردنی نەوت لە دوورگەی خارگ بەردەوامە، کە بەرپرسە لە 90%ی هەناردەی ئێران.
رۆژی 20ی ئادار، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ ماوەی 30 رۆژ سزاکانی سەر ئەو نەوتەی ئێرانی هەڵگرت کە پێشتر بارکرابوو، بۆ ئەوەی نزیکەی 140 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێران بچێتە بازاڕەکانەوە و نرخی نەوت کە سەروو 100 دۆلارە دابەزێت.
بەڵام شارەزایان گومانیان هەیە لە کاریگەریی ئەم بڕیارە، چونکە رەنگە کڕیارانی دیکەی جگە لە چین بترسن لەوەی پارەکانیان بلۆک بکرێت. ئێران زۆر پشت بە چین دەبەستێت، کە ساڵانە زیاتر لە 90%ی نەوتەکەی دەکڕێت، بۆ نموونە لە ساڵی 2024 رۆژانە 1.46 ملیۆن بەرمیلی کڕیوە.
لە کاتێکدا کارەکانی دوورگەی خارگ بەردەوامن و بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران لە نێوان 3.2 بۆ 3.6 ملیۆن بەرمیلدایە لە رۆژێکدا، توانای ئێران بۆ بەردەوامیدان بە هەناردەکردن دەبێتە هۆکارێکی گرنگی ئابووری لەم جەنگەدا.