فەیسبووک 10٪ی کۆمپانیایەکی هیندی بە 5.7 ملیار دۆلار دەکڕێت
رووداو - هەولێر
کۆمپانیای فەیسبووک رایگەیاند 10٪ی پشکەکانی گرووپی کۆمپانیاکانی ریلایەنس جیۆی هیندستانی بە پێنج ملیار و 700 ملیۆن دۆلار کڕیوە.
کۆمپانیای فەیسبووک بە نیازە بە پەرەپێدانی ئەپلیکەیشنی واتسئەپ، بتوانێت لەو رێگەیە مامەڵە داراییەکان و بژاردن و حەواڵەی پارەی پێبکات و مەبەست لە کڕینی بەشی تەکنۆلۆژیای کۆمپانیا هیندییەکە ئەوەیە کە برەو بە بژاردنی ئەلیکترۆنی بدات.
وەبەرهێنان و کڕینی 10٪ی پشکەکانی گرووپی کۆمپانیاکانی ریلایەنس جیۆ هاوکات دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی قەبارەی قەرزەکانی ئەو گرووپە دابەزێت و رەوشی دارایی خۆی رێکوپێک بکات.
بەشی تەکنۆلۆجیای ریلایەنس کە بە "جیۆ ئینفۆ کۆم " دەناسرێت، لەراگەیێندراوێکدا رایگەیاندووە نرخی ئەو کۆمپانیایە بە 66 ملیار دۆلار خەمڵێنراوە.
واتسئەپ سەرقاڵی وەرگرتنی مۆڵەتە لە هیندستان بۆ ئەوەی دەست بە دامەزراندی سیستمی بژاردنی ئەلیکترۆنی بکات.