نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 2370 دۆلار دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بۆ 2370 دۆلار دابەزی.
دابەزینی نرخی زێڕ دوای ئەوە هات کە بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دووپاتیان کردەوە، پەلە ناکەن لە دابەزاندنی سوودی بانکی بەهۆی ئەوەی هێشتا هەڵاوسان لەو وڵاتە دوورە لە ئامانجی بانکی ناوەندی کە 2%ـە.
بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەڵێت، دابەزاندنی سوودی بانکی لەم کاتانەدا ئەگەری هەیە دووبارە ببێتە هۆکار بۆئەوەی ئاراستەی دابەزینی رێژەی هەڵاوسان بگۆڕێت و بەرەو بەرزبوونەوە بڕوات.
جۆن ویلیامز، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لقی نیویۆرک رایگەیاندووە، هەرچەندە ئەگەری کەمە روو لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بکەنەوە، بەڵام هەرکاتێک داتاکانی پەیوەست بە هەڵاوسان ناچاریان بکات، لەجیاتی کەمکردنەوەی سوودی بانکی، ناچار دەبن سوودی بانکی بەرز بکەنەوە.
هێوربوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی دابەزینی نرخی زێڕ.
نرخی زێڕ لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا بەهۆی ئەگەری پێکدادانی نێوان ئێران و ئیسرائیل رووی لە ئاستە بەرزەکانی ئەم ساڵی کردبوو، کە خۆی لە 2430 دۆلار دا؛ بەڵام ئیسرائیل و ئێران رایانگەیاندووە، بەنیاز نین بە هێرشی نوێ وەڵامی هێرشەکانی یەکدی بدەنەوە.