یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق: چیدی رێگە بە هیچ بارێکی هاوردەکراوی بێ سیل نادرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی راوێژکارانی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق دەڵێت، هەفتەیەکە وادە 15 رۆژییەکە بۆ رێگەدان بە بارە هاوردەکراوەکان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی دیکە تەواو بووە و چیدیکە رێگە بە تێپەڕینیان نادرێت. دەشڵێت، لە کۆتایی ئەم مانگەوە شێوازی وەرگرتنی فۆرمی کیوئاڕ کۆد دەکرێتە ئۆنڵاین.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 22ی نیسان، مەیسەم بۆڵانی، سەرۆکی راوێژکارانی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو بار و کاڵایانەی لە ئیبراهیم خەلیلەوە هاوردە دەکرێن، دەبێت سیل (قوفڵ)ی گومرگییان هەبێت، ئەو سیلە نابێت بکرێتەوە تاوەکو بارەکە دەگاتە بازگەی بەنداو کە دەکەوێتە نێوان دهۆک و موسڵ، لەوێ سیلەکە دەکرێتەوە."
 
سیل، قوفڵێکە لەو بارانە دەدرێت لە دەروازە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستانەوە لەگەڵ تورکیا و کۆمارى ئیسلامیی ئێران هاوردەدەکرێن و، نابێت بکرێنەوە تاوەکو دەگەنە بازگەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵى، پێویستیشە لە ماوەی 72 کاژێر بگەیێندرێنە ئەو بازگانە.
 
سەرۆکی راوێژکارانی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان تائێستا ئەو بڕیارەی جێبەجێ نەکردووە، "بۆیە رێگە نادرێت بارەکان بگەنە پارێزگاکانی خواروو و نێوەڕاست."
 
لە 11ی ئادارى 2025ـەوە بانکى ناوەندى بە نووسراوى فەرمى پشتبەستن بە کۆدى (QR)ـى راگەیاندووە.
 
مەیسەم بۆڵانی گوتی، "کیوئارکۆد بۆ بەرهەمی ناوخۆیی رانەگیراوە، بەڵام لە 30ی ئەم مانگەوە ئەم شێوازە دەگۆڕدرێت، ئێستا خاوەن کارگەکان دەبێت فۆرمی کیوئاڕ کۆد لە بازگەکاندا بکەن، بەڵام لە مانگی داهاتووەوە خاوەن کارگە دەتوانێت خۆی بە ئۆنڵاین فۆرمی کیو ئاڕ کۆد بکات، ئەمەش لە پێناو ئەوەی کارەکەیان بۆ ئاسان بکەین."
 
هاوکات، شوکری جەمیل، سەرۆکی ژووری بازرگانیی دهۆک بە گوت، "تاوەکو ئەمڕۆش رێگە پە تێپەڕینی بارە هاوردەکراوەکان نادرێت بۆ پارێزگاکانی خواروو و نێوەڕاستی بەغدا."
 
بە گوتەی شوکری جەمیل، "بڕیارە ئەمڕۆ و سبەی کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی، لەسەر ئەو پرسە دەستپێبکاتەوە و هەوڵدەدەین بگەینە رێککەوتن و چارەسەر."
 
لەبارەی کۆبوونەوەکان، سەرۆکی راوێژکارانی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق جەختی کردەوە، "تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەمان لەگەڵ لایەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان دیاری نەکراوە."