بەربژێری ترەمپ بۆ پۆستی سەرۆکی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا: سەربەخۆیانە کار دەکەم

 
رووداو دیجیتاڵ

بەربژێری دۆناڵد ترەمپ بۆ پۆستی سەرۆکی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا دەڵێ، سەربەخۆیانە کار دەکات و ترەمپ داوای لێنەکردووە رێژەی سوود بۆ ئاستێکی دیاریکراو کەمبکاتەوە.
 
ئێوارەی رۆژی سێشەممە، کێڤن وارش، بەربژێری دۆناڵد ترەمپ بۆ پۆستی سەرۆکی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا چووە لیژنەی کاروباری بانکی لە ئەنجوومەنی پیران بۆ روونکردنەوەی سیاسەتەکانی.
 
وارش داوای چەندین گۆڕانکاری لە شێوازی بڕیاردانی بانکی فیدراڵیی ئەمریکادا کرد، لەوانە چوارچێوەیەکی نوێ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵاوسانی بەردەوام و میکانیزمێکی نوێ بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ خەڵک. بەڵام وردەکاریی پێویستی نەخستەڕوو و خۆی لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکان دەربارەی ئاراستەی رێژەی سوود بەدوورگرت.
 
کێڤن وارش رایگەیاند، ترەمپ هەرگیز داوای لێنەکردووە پابەندبێت بە هیچ بڕیارێکی دیاریکراو لەبارەی رێژەی سوودەوە.
 
وارش لە وەڵامی پرسیاری دیموکراتەکاندا سەبارەت بە چۆنیەتیی مامەڵەکردنی لەگەڵ گوشارەکانی ترەمپ گوتی: "سەرۆک منى بۆ ئەم پۆستە بەربژێر کردووە و ئەگەر وەک سەرۆکی بانکی فیدراڵی پەسەند بکرێم، سەربەخۆ دەبم."
 
ترەمپ بەیانیی رۆژی سێشەممە گوتی، ئەگەر وارش دوای وەرگرتنی پۆستەکەی دەستبەجێ رێژەی سوود کەم نەکاتەوە، ئەوا نائومێد دەبێت. 
 
ئێستا رێژەی سوود لە ئەمریکا 3.50٪ بۆ 3.75٪ـە. ترەمپ داوای کردووە ئەم ساڵ رێژەکە بۆ نزیکەی 1٪ کەمبکرێتەوە. بەربژێرەکەشی وەڵامی ئەو پرسیارەی نەدایەوە ئایا پشتیوانیی داواکەی ترەمپ دەکات یان نا.
 
بەربژێرەکەی ترەمپ دەڵێ، بەرزبوونەوەی خێرای نرخ هێشتا کێشەیە بۆ ئەمریکییەکان؛ گوتیشی، "راستە هەڵاوسان دابەزیوە، بەو واتایەی کە خێرایی بەرزبوونەوەی نرخ لە چاو ساڵانی پێشوو کەمتر بووەتەوە، بەڵام بێ گومان ئەمریکییە کرێکارەکان هەستی پێدەکەن." 
 
پەسەندکردنی وارش لە ئەنجوومەنی پیران هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە. تۆم تیلیس، سیناتۆری دیموکراتەکان بەڵێنی داوە لێکۆڵینەوەکانی لەبارەی بانکەکە و جیرۆم پاوڵی سەرۆکی ئێستا دانەخات. لێکۆڵینەوەکە پەیوەندی بە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا هەیە کە زۆر لەو بڕە زیاتری تێچووە پێشتر راگەیێندرابوو.
 
سەرەتای ئەم ساڵ ترەمپ بەربژێرکردنی کێڤن وارشی بۆ سەرۆکایەتیی بانکی فیدراڵیی وڵاتەکە راگەیاند. ئەمە لەکاتێكدایە 15ـی مانگی داهاتوو خولی سەرۆکایەتیی جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی ئێستای بانکەکە کۆتایی دێت.