راپۆرتێک: ئەمریکا ناردنی نزیکەی 500 ملیۆن دۆلاری بۆ عێراق راگرت
رووداو دیجیتاڵ
چەند بەرپرسێکی ئەمریکی و عێراقی دەڵێن، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ناردنی دۆلاری بۆ عێراق هەڵپەساردووە و پڕۆگرامەکانی هاوکاریی ئەمنی لەگەڵ سوپای ئەو وڵاتە راگرتووە، ئەوەش وەک زیادکردنی گوشارەکان بۆسەر بەغدا بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکانی لایەنگری ئێران.
رێگریکردن لە ناردنی 500 ملیۆن دۆلار
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا لە زاری بەرپرسانی ئەمریکا و عێراق بڵاویکردەوە، بەرپرسانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رێگرییان لە ناردنی نزیکەی 500 ملیۆن دۆلاری نەختینە کردووە کە بڕیار بوو بە فڕۆکەیەکی بارھەڵگر بگاتە بەغدا. ئەم پارەیە داهاتی فرۆشی نەوتی عێراقە کە لە هەژمارەکانی بانکی فیدراڵیی نیویۆرکدا کۆکراوەتەوە.
بەرپرسە عێراقی و ئەمریکییەکان رایانگەیاندووە، ئەمە دووەم باری دۆلارە کە واشنتن ناردنی بۆ بانکی ناوەندیی عێراق دوابخات لەوەتەی دەستپێکردنی جەنگی ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتەوە.
بڕینی هاوکارییە سەربازییەکان
بەرپرسە ئەمریکی و عێراقییەکان دەڵێن، واشنتن، بەغدای ئاگادار کردووەتەوە کە دابینکردنی بودجەی هەندێک پڕۆگرامی دژەتیرۆر و مەشقی هێزە چەکدارەکانیش رادەگرێ تاوەکو ئەو کاتەی هێرشی میلیشیاکان دەوەستێت و حکومەتی عێراق هەنگاوی جیدی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپە چەکدارانە دەگرێتە بەر.
ئەم بڕیارانە نیشانەی ئەو گوشارە زۆرەن کە خراونەتە سەر بەغدا تاوەکو خۆی لە واشنتن نزیک بکاتەوە و پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ تاران کەم بکاتەوە.
تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ، "نەتوانینی حکومەتی عێراق لە رێگریکردن لەم هێرشانە، لە کاتێکدا هەندێک لایەنی ناو حکومەت بەردەوامن لە دابینکردنی داپۆشینی سیاسی و دارایی بۆ میلیشیاکان، کاریگەریی نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق دروست دەکات." گوتیشی، "ئەمریکا هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا قبووڵ ناکات و پێشبینی دەکات حکومەتی عێراق هەموو رێکارێک بگرێتەبەر بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لە عێراق."
دۆلار وەک کارتێکی گوشار
دوای ساڵی 2003، واشنتن رازی بوو داهاتی نەوتی عێراق کە ساڵانە دەگاتە دەیان ملیار دۆلار، لە بانکی فیدراڵیی نیویۆرکدا بپارێزێ. بۆ گەڕاندنەوەی پارەکەش، بانکەکە ساڵانە تاوەکو 13 ملیار دۆلاری نەختینە رەوانەی بەغدا دەکات تاوەکو ئابووریی عێراق بەردەوام بێت.
پێشتریش وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا زیاتر لە 20 بانکی عێراقی سزادابوو، بە تۆمەتی ئەوەی بە شێوەی نایاسایی دۆلاریان بۆ سوودی میلیشیاکان گواستبووەوە. هەروەها گرووپە چەکدارەکان تۆمەتی ئەوەیان دەدرێتە پاڵ کە لە رێگەی بەکارهێنانی کارتی بانکیی (ماستەرکارد و ڤیزە) و گواستنەوەیان بۆ ئیمارات، دۆلاریان بۆ ناوخۆی عێراق بە قاچاخ بردووە و قازانجی زۆریان لێ کردووە.
کاریگەریی میلیشیاکان لەسەر حکومەت
بەپێی راپۆرتەکە، گرووپە چەکدارەکانی وەک فەیلەقی بەدر، کەتائیبی حیزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق هەژموونێکی زۆریان لەنێو جومگەکانی حکومەت و کەرتی دارایی عێراقدا هەیە. لە کاتێکدا عێراق خەریکی هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانێکی نوێیە، ئەم گرووپانە و تاران گوشار دەکەن بۆ ئەوەی کەسێک بێتە سەر کار کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا بە بەهێزی بمێنێتەوە.
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا هاتووە، دۆناڵد ترەمپ لە مانگی کانوونی دووەمدا هۆشداری دابوو ئەگەر نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو، بگەڕێتەوە دەسەڵات، هەموو هاوکارییەکانی ئەمریکا دەبڕێ. ئێستاش هەوڵەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ ئەوەیە بەربژێری سەرۆکوەزیران یەکلایی بکاتەوە.