گواستنەوەی دەریایی عێراق بۆ رووداو: 24 داواکاریی کۆمپانیاکانمان بۆ گواستنەوەی نەوت بەدەست گەیشتووە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای گواستنەوەی دەریایی عێراق دەڵێ، 24 داواکاری لە کۆمپانیا جیهانییەکانەوە بۆ بارکردن و گواستنەوەی نەوت لە بەندەرى فاوى گەورە پێگەیشتووە، تاوەکو لەگەڵ کاراکردنی بەندەرەکەدا دەستبەکاربن.
چوارشەممە 22ی نیسانی 2026، ئەحمەد جاسم، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی گواستنەوەی دەریایی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو 24 کۆمپانیایە جیهانیین و تایبەتن بە گواستنەوەی دەریایی؛ ئاماژەی بەوەشکرد، داواکەیان بۆ ئەوە بووە کە نەوتی خاو لە بەندەری فاوی گەورە باربکەن و بیگوازنەوە وەک ئامادەکاری بۆ کاراکردنی بەندەرەکە.
ئەحمەد جاسم رایگەیاند، "ئەو داواکارییانە لە رێگەی چوارچێوەیەکی فەرمییەوە و بە هاوئاهەنگی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) پێشکێش کراون. کۆمپانیای گواستنەوەی دەریایی دەستی کردووە بە دانانی پلانی تەکنیکی و لۆجیستیی پێویست بۆ گەرەنتی ئەو هەناردەکردنە لە ئایندەدا."
دەستپێکردنی کاری بەندەری فاوی گەورە لە قۆناخی کۆتاییدایە، کە لە ساڵی 2023دا بە بودجەی 17 ملیار دۆلار دەستکرا بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی فراوانکردنی کە لەسەر ئاوى کەنداو.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی گواستنەوەی دەریایی عێراق، کاراکردنی بەندەری فاوی گەورە گۆڕانکارییەکی ستراتیژی و گەورە دەبێت لە پەرەپێدانی کەرتی گواستنەوەی دەریایی و ژێرخانی هەناردەی عێراق، وادەکات کە کەشتییە گەورەکان بەبێ ئەوەی پێویستییان بە بەندەری وڵاتانی دراوسێ بێت لە بەندەری فاو لەنگەر بگرن، ئەوەش تێچووی گواستنەوە کەم دەکاتەوە و هەناردە خێراتر دەکات.