نرخی دینار دابەزی؛ ''دەنگۆی راگرتنی ناردنی دۆلار لە ئەمریکاوە هۆکارە''
رووداو دیجیتاڵ
بەهای دۆلار بەرامبەر دینار لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەرز بووەوە. نرخی 100 دۆلار لە هەولێر و سلێمانی بە 154 هەزار دینار و لە بەغداش 155 هەزار دیناری تێپەڕاندووە. پسپۆڕێکی کارگێڕیی دارایی هۆکاری بەرزبوونەوەکە بۆ بڵاوبوونەوەی دەنگۆی راگیرانی ناردنی دۆلار لە ئەمریکاوە بۆ عێراق دەگەڕێنێتەوە، بەڵام دەڵێت، "تەفسیری هەڵە کراوە."
رۆژی چوارشەممە 22ی نیسانی 2026، حاجی سابیر باواجی، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی ئەمڕۆ لە هەولێر بەرامبەر 154 هەزار و 750 دینارە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر گوتی، "نرخی دۆلار بەراورد بە دوێنێ نزیکەی 600 دینار بەرزبووەتەوە." هۆکاری بەرزبوونەوەکەشی بۆ بڵاوبوونەوەی هەواڵی راگرتنی ناردنی دۆلار لە ئەمریکاوە بۆ عێراق گەڕاندەوە.
حاجی سابیر باواجی پێشبینی دەکات ئەگەر راگرتنی ناردنی دۆلار بەردەوام بێت، تاوەکو مانگی داهاتوو نرخەکەی بگاتە سەروو 157 هەزار دینار.
هاوکات د. جەبار گۆران، پسپۆڕی کارگێڕیی دارایی و گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، "ئەمڕۆ لە سلێمانی 100 دۆلاری ئەمریکی بە 154 هەزار و 900 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت."
لەبارەی هەواڵی راگیرانی ناردنی دۆلار بۆ عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، د. جەبار گۆران دەڵێت، "تەفسیری هەڵە بۆ بابەتەکە کراوە."
ئەو پسپۆڕەی کارگێڕیی دارایی گوتیشی، "ناردنی دۆلاری فرۆشی نەوت رانەگیراوە، بەڵکو ئەوەی راگیراوە ئەو بڕە دۆلارە زیادەیە کە لە فرۆشی نەوتی ساڵانی رابردوو ماوەتەوە، عێراق ئەوکات پێویستی نەبووە کە بیگەڕێنێتەوە، بەڵام ئێستا بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان و دابەشکردنی مووچە داوای گەڕاندنەوەیان دەکات."
لە بەغدا نرخەکەی بەرزترە و تاوەکو کاژێر 12:00ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ، 100 دۆلاری ئەمریکی بە زیاتر لە 155 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرا.
ئیحسان شەمران، پسپۆڕی بواری دارایی و خاوەنی کۆمپانیای وردبینی دارایی لە بەغدا بە رووداوی گوت، "هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکە بڵاوبوونەوەی دەنگۆی نەهاتنی دۆلارە لە ئەمریکاوە بۆ عێراق."
ئەو پسپۆڕە دەشڵێت، "بە دڵنیاییەوە ئەگەر دەنگۆی راگیرانی ناردنی دۆلار ببێتە ئەمری واقیع و هەمیشەیی بێت، کاریگەریی کارەساتباری بۆ بازاڕەکان دەبێت و پێویستە بانکی ناوەندی هەڵوێستی هەبێت."