قەدەخەی هاوردەکردنی تەماتە ‌و شووتی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە

رووداو - هەولێر

وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە قەدەخەی هاوردەکردنی تەماتە ‌و شووتی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە. دەشڵێت "ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان، خاوەنی بڕیاری خۆمانین بۆ هەر بەهەرمێکی کشتوکاڵی".

عەبدولستار مەجید، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، قەدەخەی هاوردەکردنی تەماتە ‌و شووتی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە و گوتی "لەکاتی پێگەیشتنی تەماتە ‌و شووتی خۆماڵی مانگی شەش دەبێت، وەک پاڵپشتیکردنی بۆ ئەو دوو بەرهەمە، ئێمە هاوردەکردنیان وەک بەغدا قەدەخە ناکەین، بەڵکو باج دەخەینە سەر هاوردەکردنیان ‌و بۆ هەر کیلۆیەک تەماتە ‌و شووتی 250 دینار باج وەردەگیرێت‌".

وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، ئەو بڕیارەی عێراق لەبارەی قەدەخەی هاوردەکردنی تەماتە ‌و شووتی، تەنها ئەوان پابەند دەکات بەوەی رێگە بگرن لەوەی لەهەرێمی کوردستانەوە بەشێوەی ترانزێت ئەو دوو بەرهەمە بەرەو ناوچەکانی ژێر دەستی حکومەتی عێراقی نەڕوات.

رۆژی دووشەممە 22-5-2017، حەمید نایف، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، هاوردەکردنی تەماتە ‌و شووتی بۆ ناوخۆی عێراق قەدەخە کراوە، ئەمەش لەپێناو پاڵپشتیکردنی ئەو دوو بەرهەمە ناوخۆییەی عێراق.

داڕشتنەوە: حەکیم داود