کەمال محەممەد داوا لە ئەمریکا دەکات لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان 'پێداگری بکات'
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت دەڵێت، پێویستە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان، ئەمریکا پاڵپشتییان بکات. گوتیشی، "64%ی ژێرخانی کارەبا بەرهەمی کۆمپانیا ئەمریکییەکانن."
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ی ئایاری 2025 کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان، کە وەزیری سامانە سرووشتییەکانیشە بە وەکالەت، لە پانێڵێکی کۆنفرانسی وزەدا کە لە واشنتن بەڕێوەچوو، رایگەیاند، "بابەتی وزە بابەتێکی زۆر گرنگە بۆ سەقامگیریی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتیی هەر وڵات یان هەرێمێک."
کەمال محەممەد باسی لە گرێبەستەکانی تایبەت بە وزە کرد و گوتی، "ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستووری عێراق و یاساکان، ژمارەیەک گرێبەستمان لە بواری نەوتدا هەیە، کە لە ئەنجامدا گەیشتووینەتە ئەو ئاستەی رۆژانە توانای هەناردەکردنی زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوتمان بۆ بازاڕەکانی جیهان هەیە."
بە گوتەی وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، پێشتر حکومەت لە بواری گازەوە، دوو گرێبەستی هەبووە و 650 ملیۆن پێ سێجا گازیان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان و بەشێکی عێراق دابینکردووە.
گوتیشی، "وەکو خواستی هەرێمی کوردستان بۆ گاز، ئێمە پێویستیمان بە 1100 ملیۆن پێ سێجا هەیە و ئەو گازەی ئێستا هەمانە، تەنیا 50%ی پێویستیی کارەبامان دابین دەکات."
"64%ی ژێرخانی کارەبا بەرهەمی کۆمپانیا ئەمریکییەکانن"
کەمال محەممەد باسی لە پێشکەوتنی کەرتی کارەبای هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوە دا، "تاوەکو ساڵی 2007 ئێمە تەنیا 100 تاوەکو 150 مێگاوات کارەبامان هەبوو، بەڵام ئێستا خاوەنی زیاتر لە 8000 مێگاوات کارەباین، کە لەو بڕە کارەبایە، 5250 مێگاوات تەنیا لەلایەن کۆمپانیای جی ئیی ئەمریکی بەرهەم دەهێندرێت."
بە گوتەی وەزیری کارەبا، بەگشتی نزیکەی 64%ی ژێرخانی کارەبای هەرێمی کوردستان بەرهەمی کۆمپانیا ئەمریکییەکانن؛ "ئەو کارەبایەش تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو بەشێکی دەردێتە عێراق."
وەکو کەمال محەممەد دەڵێت، بۆ وێستگەکانی کارەبا، هەرێمی کوردستان پێویستی بە دابینکردنی سووتەمەنییە؛ "لەم سەردانەدا بۆ ئەمریکا، دوو گرێبەستی دیکەی زۆر گرنگمان لە بواری نەوت و گاز لەگەڵ کۆمپانیاکان واژۆ کردووە، بۆئەوەی لەوبارەوە پێداویستیی هەرێمی کوردستان و بەشێکی دیکەی عێراق دابین بکرێت."
"گرێبەستەکانمان زیان بە هیچ لایەنێک ناگەیێنن"
لە رۆژی 17ی ئەم مانگەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێک لە واشنتنە و رۆژی دووشەممە، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا دوو گرێبەستی گەورەی لە بواری وزە بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار دۆلار، لەگەڵ دوو کۆمپانیای ناسراوی ئەمریکی، وێسترن زاگرۆس و HKN Energy، واژۆ کرد.
کەمال محەممەد باسی لەوە کرد، "ئەوە سێیەم گرێبەستی کۆمپانیای HKN Energyـە لەگەڵ ئێمە، هەروەها دووەم گرێبەستی کۆمپانیای وێسترن زاگرۆس بوو."
وەزارەتی نەوتی عێراق دژایەتیی خۆی لەگەڵ ئەم دوو گرێبەستە راگەیاندووە و دەڵێت، "رێکارەکانی تایبەت بە گرێبەستی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگەی میران و کێڵگەی تۆپخانە-کوردەمیر لە پارێزگای سلێمانی رەتدەکەینەوە."
وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت ئاماژەی بەوە دا، "جێگەی داخە عێراق و وەزارەتی نەوت دژی ئەو هەنگاوانەن کە بۆ باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزاری لە هەرێمی کوردستان و عێراق نراون، لە کاتێکدا ئەم رێککەوتنانە دژی هیچ لایەنێک نین، بەڵکو بۆ بەهێزترکردنی ژێرخانە لە هەرێمی کوردستان و عێراق."
"پێویستە ئەمریکا پێداگری لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بکات"
هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 25ی ئاداری 2023وە لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە. کەمال محەممەد داوا لە ئەمریکا دەکات، "وەکو هەموو کات کە پشتیوانمان بووە، جارێکی دیکە بە جدی لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت بوەستێت، بۆ ئەوەی دەستپێبکاتەوە."
وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت باس لەوە دەکات، پێویستە کۆمپانیا ئەمریکییەکان زیاتر هان بدرێن، بۆئەوەی لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن، "ئێمە دەمانەوێت گرێبەستی دیکەیش لە بواری نەوت، گاز و کارەبا واژۆ بکەین."
وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی دوو گرێبەستە نوێیەکەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستووەتەڕوو، "سەرەڕای پێویستییەکان بۆ گەورەکردنی قەبارەی وەبەرهێنانی گاز و پڕکردنەوەی پێویستییە نێوخۆییەکان بۆ وێستگەکانی کارەبا، بەڵام ئەو رێکارانەی هەرێمی کوردستان گرتوونیەتە بەر بە ئاشکرا دژی یاسا عێراقییەکانە."
ئەو وەزیرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە ئەمریکا دەکات، "ئەو گوشارەی کە وەزارەتی نەوت دەیخاتە سەر ئەم دوو گرێبەستانە، رابگیرێن؛ چونکە دژی هیچ لایەنێک نین، بەڵکو بۆ ئەوەیە هەرێمێکی بەهێزمان لەڕووی ئابووری، سیاسی و جوگرافی هەبێت و ببنە هۆی سەقامگیریی زیاتر."
"سەرجەم گرێبەستەکانی نەوت لە کوردستان یاسایین"
ئێستا هەناردەکردنەوەی نەوت لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت ماوەتەوە.
بەشێک لە قسەکانی کەمال محەممەد لەبارەی ئاڵنگارییەکانی بەردەم گرێبەستەکانی نەوت بوو لە هەرێمی کوردستان و گوتی، "لەڕووی یاساییەوە سەرجەم گرێبەستەکان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە دانیان پێدا نراوە، کاتێک گرێبەست لەڕووی یاساییەوە تەواو بێت، پێویستە جێبەجێ بکرێت."
یەکێکى دیکە لەو کێشانەى بەربەست بوون لەبەردەم رێککەوتنى هەولێر و بەغدا، قەرزى کۆمپانیاکانى نەوت بووە لە هەرێمى کوردستان. وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت لەوبارەوە دەڵێت، "کۆمپانیاکان داوای گەرەنتیی شایستە داراییەکانی خۆیان دەکەن، چونکە ئێمە لەسەر داوای خۆیان، نزیکەی 11.8 ملیۆن بەرمیل نەوتمان رادەستی وەزارەتی نەوت کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانیان نەدراوە."
بە گوتەی کەمال محەممەد، "کۆمپانیاکان ترسیان لەوە هەیە کە ئەگەر لە بەرهەمهێنانی نەوت بەردەوام بن، شایستە داراییەکانیان چۆن گەرەنتی دەکرێن."
ئێستا 16 دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی بەرمێلێک نەوتی هەرێمی کوردستان تەرخان کراوە؛ بەڵام کۆمپانیایەکی راوێژکارییش راسپێردراوە بۆ دیاریکردنی تێچووی راستەقینەی بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستان. وەکو وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت دەڵێت، "لەگەڵ وەزارەتی نەوت رێککەوتووین کە کۆمپانیایەکی ئەمریکی ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆ."
کەمال محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی بەڕێوەچوونی لووتکەی عەرەبی لە عێراق، گفتوگۆکانیان سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت لەگەڵ بەغدا وەستابوون، "دەمانەوێت و هیوادارین لەم نزیکانەدا جارێکی دیکە ئەو گفتوگۆیانە بە ئامادەبوونی کۆمپانیاکان دەستپێبکەنەوە."
هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا، کە تایبەت بوو بە دۆسیەیەکی سکاڵای عێراق دژی تورکیا.
تاوەکو ئێستا هەوڵەکانی هەولێر و بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بە تەواوی نەگەیشتوونەتە ئاکام.