عێراق چاودێری لەسەر کاڵاى هاوردەکراو لە هەرێمى کوردستانەوە تووند دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

هەردوو دەستەى دەستپاکى و دەروازە سنوورییەکانى عێراق رێککەوتنێکى 10 خاڵییان واژۆ کرد. یەکێک لە بڕگەکانى تووندکردنى چاودێرییە لەسەر کاڵاى هاوردەکراو لە دەروازە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستانەوە.
 
ئەو رێککەوتنەى نێوان دوو دەستەکە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ى ئایار واژۆ کراوە، گوایە بۆ بەهێزکردنى هاوئاهەنگیى نێوانیان و ئاڵوگۆڕى زانیارییە لەنێوان دامەزراوە چاودێرییەکان بۆ بنەبڕکردنى گەندەڵیى کارگێڕی و دارایی.
 
یەکێک لە خاڵەکانى رێککەوتنەکە ئەوەیە لە بازگەى سەر رێگە گشتییەکان، چاودێریى سەر ئەو کاڵایانە تووند بکرێت کە لە دەروازە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستانەوە هاوردە دەکرێن، بۆئەوەى وەکو لە راگەیێندراوى دەستەى دەروازە سنوورییەکاندا هاتووە، "گەرەنتیى یەکخستنى رسوومات و پشکنینى پێشوەخت بکرێت، بۆ پاراستنى بەکاربەر و رێگرتن لە تێپەڕینى ئەو کاڵایانەى رسووماتى نەدراوە یان لە دەروازەى نافەرمییەوە هێندراوە."
 
پێشتر عومەر وائیلی، سەرۆکى دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق بە رووداوى راگەیاند، "لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر کۆمەڵێک رێوشوێن رێککەوتوون، لەوانەش ماوەی 72 کاژێر دوای (سێڵی گومرگی) بۆ گواستنەوەى کاڵاى هاوردەکراو درێژ بکرێتەوە بۆ هەفتەیەک، ماوەی 60 رۆژ بۆ هاتنەژوورەوەی کاڵای پارچەکراویش (دانەدانە) لە کۆگاکانەوە بۆ 120 رۆژ درێژکرایەوە."
 
یەکێک لە رێککەوتنەکانى دیکەى نێوان دەستەى دەستپاکى و دەروازە سنوورییەکان ئەوەیە، هاوئاهەنگیى نێوانیان بۆ هەر پرۆسەیەکى دەستگیرکردن و دەستبەسەرداگرتن بە نهێنى بهێڵدرێتەوە، کارى لیژنەکانى لێکۆڵینەوەش خێرا بکرێن لەبارەى کارمەندانى دەروازە سنوورییەکان.
 
هەروەها هەردوولا رێککەوتوون درێژە بە کارى سۆنار و قەپان بدرێت لە دەروازە سنوورییەکان، بۆئەوەى زانیاریى دروست هەبێت لەبارەى کاڵا هاوردەکراوەکان، بڕەکانیان و دڵنیابوونەوە لە زیادکردنى داهات لە رێگەى وەرگرتنى رسووماتى راستەقینە و رێگەنەدان بە هیچ فەرمانبەرێک "فێڵ لە پارە و داهاتى دەوڵەت بکات."
 
یەکێک لە بڕیارەکانى دیکە ئەوە بووە، بار و کەسەکان لە دەروازە سنوورییەکان بەبێ جیاوازى بپشکندرێن بۆ گەرەنتیکردنى ئەوەى کە مادەى هۆشبەر و شێوە جیاوازەکانى تێپەڕ نەبن.