دوو مووچەیی و مووچەخۆرانی رەفحا لە عێراق راگیران

رووداو - هەولێر  

بە نووسراوێکی حکومەتی عێراق، دوو مووچەیی و مووچەخۆرانی رەفحا راگیران و لەمەودا مووچەی رەفحا تەنیا دەدرێتە یەک کەس، کە سەرۆکی خێزانەکەیە، نەوەک تەواوی ئەندامانی ئەو خێزانە. 
 
بەپێی نووسراوێکی ئەمیندارییەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە بڕیاری ژمارە 27ی ساڵی 2020ی ئەنجوومەنی وەزیران و لە کۆبوونەوەی پێنجەمی ئەنجوومەنەکەدا کە لە 9/6/2020 بەڕێوەچوو، بڕیاردراوە:
 
1- مووچەی رەفحا بەپێی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2013 خەرج بکرێت، بەشێوەیەک نابێت مووچەی مانگانەیان لە یەک ملیۆن دینار زیاتر بێت و دەبێت مووچەوەرگرەکەش ئەم مەرجانەی تێدا بێت:
 
-ئەو کەسە ئێستا لە عێراق نیشتەجێبێت. 
-دەبێت سەرۆک خێزان بێت، چونکە مووچەکە تەنیا بۆ خاوەن خێزان خەرجدەکرێت و بۆ ئەندامانی دیکەی خێزانەکە خەرجناکرێت .
-ئەوانەی هیچ مووچەیەکیان لە دەوڵەت نەبێت، خانەنشینی یان هەر جۆرە داهاتێکی دیکە.
-سوومەندبووانی ئەو  مووچەیە خۆیان بەرپرسیار دەبن، ئەگەر وەرگرتنەکە پێچەوانەی لقەکانی خاڵی یەکەم بێت، ئەگەرنا رێکاری یاسایی بەرامبەری دەگیرێتەبەر.
 
2-دەزگای زیندانیانی سیاسی جەخت لەسەر بوونی مەرجەکانی بکاتەوە.
 
3- جگەلەوەی هاتووە، خەرجکردنی مووچەی خانەنشینی یان هەر شایستەیەکی دیکەی دارایی رەفحا دەبڕدرێت وەک ئەوەی لە یاسای دەزگای زیندانیانی سیاسی ژمارە 4ی ساڵی 2006 هەموارکراو بە یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2013 هاتووە تاوەکو کاتێکی نادیار.
 
4- جەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی 10 لە یاسای 26ی ساڵی 2019ی یاسای هەموارکراوی یەکەمی یاسای یەکگرتووی خانەنشینی ژمارە 9ی ساڵی 2014 لەبارەی هەڵوەشانەوەی سەرجەم دەقە یاساکان کە رێگەبدەن بە وەرگرتنی دوو مووچە یاخود زیاتر، بە هەڵاوێردنی ئەو چین و توێژانەی کە لەماددەی ناوبراودا هاتوون.  
 
بەپێی هەمواری یەکەمی یاسای دەزگای زیندانیانی سیاسی لە عێراق، ژمارە 35ی ساڵی 2013، کە لە سەردەمی حکومەتی نووری مالیکی و بە رێککەوتنی فراکسیۆنە شیعە و سوننەکان لە پەرلەمان پەسندکرا، شایستەی رەفحا بەشداربووانی راپەڕینی شەعبانی ساڵی 1991 و هاوژین و منداڵەکانیان دەگرێتەوە، لە ساڵی 2006وە مووچە و شایستەی زیندانیانی سیاسی بۆ پەنابەرانی رەفحا هەژماردەکرێ.
 
بەپێی یاساکە مووچەی مانگانەی هەر پەنابەرێکی رەفحا، کە زیاتر لە 6 مانگ لە کامپەکە ماونەتەوە لە 1.2 ملیۆن دینار کەمتر نییە، هەروەها سولفەیەکی 5 ملیۆن دیناری دەدرێتە هەر پەنابەرێکی رەفحا، کە کەمتر لە یەک مانگ لە کەمپەکە ماوەتەوە.
 
هەر بەگوێرەی یاساکە، پەنابەرانی رەفحا مافی وەرگرتنی دوو مووچەیان هەیە، پارچەیەک زەوی نیشتەجێبوون و 30 ملیۆن دینار قەرزی خانووبەرە دەدرێتە هەر پەنابەرێکی رەفحا، یان یەکەیەکی نیشتەجێبوون بێ مەرج دەدرێتە هەر پەنابەرێکی رەفحا یان میراتگرانی. هەروەها کورسیی خوێندنی باڵا و زەمالەی خوێندن لەسەر تێچووی دەوڵەت دەدرێتە هەر پەنابەرێکی رەفحا.
 
بەپێی ژمارەی مووچەخۆرانی رەفحا کە ژمارەیان زیاتر لە 30 هەزار کەس دەبێت، ساڵانە نزیکەی 40 ملیار دیناری بودجەی عێراق بۆ ئەو پەنابەرانە تەرخاندەکرێ، ئەمە جگە لە هەموو ئەو شایستە و دەرماڵە و پارانەی کە لە ساڵی 2006ەوە وەک قەرەبوو و چارەسەری و خوێندن و قەرز وەریانگرتووە. 
 
کەمپی رەفحا لە ساڵی 1991، دوای راپەڕینی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە پارێزگای رەفحا لە سعودیە، بۆ میوانداریکردنی دژبەرانی دەسەڵاتی سەددام حوسێن دروستکرا .
 
کامپەکە لەژێر سەرپەرشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بوو، زۆربەی دانیشتووانی کەمپەکە لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانەوە لەسەر داوای خۆیان رەوانەی ئوسترالیا، ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا کران. بەشێکیشیان رەوانەی ئێران کران، دوای رووخانی دەسەڵاتی سەددام حوسێن لە ساڵی 2003 کامپەکە داخرا.