نرخی نەوت نزیکەی 1%ی بەهای خۆی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی نرخی نەوت لەبەر بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، بەڕێژەی نزیکەی 1% دابەزی.
بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەراورد بە دراوەکانی دیکە خواست بۆ کڕین و بەکارهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە.
نرخی نەوتی برێنت 47 سەنت دابەزی و بە 85 دۆلار و 24 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 56 سەنت دابەزی و بە 80 دۆلار و 73 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
دابەزینی نرخی نەوت لە رۆژی هەینی لە کاتێکدایە کە قەبارەی نەوت و سووتەمەنی کۆگەکراو لە ئەمریکا دابەزیوە کە ئاماژەیەکە بۆ بەرزبوونەوەی خواست لە نێوخۆی ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی نەوت.
رۆژی هەینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوە سەرەکییەکانی دیکە بەرزبووەوە بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی 7 هەفتەی رابردوودا.
بەربوونەوەی بەهای دۆلار دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی کڕینی نەوت لە وڵاتانی دیکە گران بوەستێت و بەو هۆیەشەوە خواست لەسەر بەکارهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە.
رۆژی هەینی پێنوێنی دۆلار بەرزبووەوە بۆ 105.85 و ئەوەش بەرزترین ئاستییەتی لە ماوەی 7 هەفتەی رابردوو.
بەهای دۆلار لەبەر ئەوە بەرزبووەتەوە کە بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایانگەیاندووە، کە پەلەیان نییە بۆ کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بۆ ئەوەی بتوانن هەڵاوسان کۆنترۆڵ بکەنەوە و نزیکی بکەنەوە لەو رێژەیەی کە ئامانجیانە.
هەرچەندە بەپێی داتاکان، خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لە ئەمریکا و لە ئاسیا بەرەوە بەرزبوونەوە دەڕوات، بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە کەرتی بازرگانی لە ئەورووپا، نیگەرانی دروستبووە لە سەر خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لەو کیشوەرە.
چالاکی بازرگانی لە ئەورووپا دابەزیوە بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە مانگی دووی ئەم ساڵ بەدواوە.