چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق لەسەر مووچە داوایەک لە هەرێمی کوردستان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی جێبەجێ بکات بۆ ئەوەی بەغدا بتوانێ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابین بکات.
لە کۆبوونەوەی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران، د. مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری باسی مووچە و جەنگی ئێران و ئیسرائیل کرا.
نووسینگەی سوودانی بڵاویکردەوە، چوار سەرۆکایەتییەکە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی جێبەجێ بکات؛ بۆ ئەوەی حکومەتی فیدراڵی بتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین بکات و کێشەکانی دیکەش بەپێی دەستوور و یاسا چارەسەر بکرێن.
دادگەى باڵاى فیدراڵى لە 21ـى شوباتى 2024 بڕیارێکى دەرکرد و هەردوو حکومەتى فیدراڵى و هەرێمى کوردستانى پابەند کرد بەوەى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بە جێبکرێت و مانگانە بدرێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا پێشهاتەکانی ناوچەکە، لەوانەش جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران تاوتوێکراون و جەختکرایەوە لەسەر رەتکردنەوەی هەر پێشێلکارییەک بۆ سەر سەروەریی عێراق و ئاسمانەکەی یان بەکارهێنانی وەک دەستپێکێک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ؛ هەروەها پشتگیری بۆ حکومەت دووپاتکرایەوە لە گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ پاراستنی ئاسمان و سەروەریی عێراق و پەیڕەوکردنی رێگە یاساییەکان لەبەردەم دەستە نێودەوڵەتییەکاندا بۆ رێگریکردن لە پێشێلکردنی سەروەریی عێراق.