د. فوئاد حوسێن بۆ رووداو: ئەمڕۆ مووچەی مانگی پێنج خەرج دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو، لە ئێوارەوە تاوەکو کاژێر 12ی شەو، د. فوئاد حوسێن بە چڕی لەسەر هێڵ بووە و لانی کەم 15 پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ شەش سەرکردە و بەرپرسی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەنجام داوە. بە رووداوی گوت، رۆژی سێشەممە مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
رێککەوتن کراوە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ بەغدا مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات.
د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراقە، هەروەها سەرۆکی ئەنجوومەنی ئابووریی عێراقە، بە سەنگەر عەبدولڕەحمان، پێشکێشکاری رووداوی راگەیاند، دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان، باوەڕی بە لایەنەکان هێناوە ئەمڕۆ بەغدا مووچەی هەرێمی کوردستان خەرج بکات.
بەر لە خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، رێککەوتنەکە ئەوەیە: حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داهاتی نانەوتیی مانگی ئایار بنێرێت بۆ بەغدا، کە بڕەکەی 120 ملیار دینارە، هەروەها دەست بکات بە رادەستکردنی نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆ بەگوێرەی ئەو بڕەی ئێستا لەبەردەستە.
د. فوئاد حوسێن شەوی رابردوو ئەم پەیوەندییانەی ئەنجام داوە:
سێ جار پەیوەندی بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کردووە، دوو جار پەیوەندیی بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە کردووە، دوو جار پەیوەندیی بە مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە کردووە، دوو جار پەیوەندیی بە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقەوە کردووە، دوو جار لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق قسەی کردووە و دوو جاریش پەیوەندیی بە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە کردووە.
بەگوێرەی رێککەوتنی واژۆکراوی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوت رادەستی سۆمۆ بکات، هەروەها داهاتی نانەوتی بنێرێت بۆ گەنجینەی فیدراڵی، ئینجا مووچەی مانگی ئایار خەرج دەکرێت.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی رووداو لە دوو سەرچاوەی بەرپرس لە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە دەستی کەوتوون، شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دوو رۆژ لەمەوبەر لە بەغدا بوون و تەرازووی پێداچوونەوەی داهات و خەرجیی مانگەکانی ئایار و حوزەیرانیان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە.
هەر لەم چەند رۆژەی رابردوودا، شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق خەمڵاندنی بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان کردووە و دەرکەوتووە کە لەم دۆخەدا و دوای هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان، هەرێمی کوردستان رۆژانە تەنیا توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی 80 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەیە.
بەگوێرەی ئەو ئەنجامە بێت، هەرێمی کوردستان ئێستا رۆژانە دەتوانێت تەنیا 30 هەزار بەرمیل رادەست بکات، چونکە لە رێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستانیشدا وا هاتبوو، کە هەرێمی کوردستان مافی ئەوەی هەیە بڕی 50 هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ مەبەستی بەکاربردنی ناوخۆیی بەکاربهێنێت.
ئەگەرچی دوێنێ سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، رێککەوتنەکە بەو چەشنە کراوە کە رۆژانە 230 هەزار بەرمیل رادەست بکرێت؛ بۆیە ناتوانن ئەو بڕە کەمە نەوتە وەربگرن، بەڵام وادیارە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان و رێککەوتنەکەی ئەمشەو کاریگەرییان لەسەر ئەو بڕیارە هەبووە.
دوایینجار کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پارەی مووچەی لە بەغدا وەرگرت، بڕی 959 ملیار و 514 ملیۆن دیناربوو، کە 13ی ئایار خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، پاشان وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەستی بە دابەشکردنی مووچە کرد. لە 14 و 15و 18ی ئایار کە بە خانەنشینی شارستانی دەستی پێکرد و بە هێزەکانی زێرەڤانی و فەرماندەی بەرگریی فریاکەوتن کۆتاییهات.