وەزارەتى نەوتى عێراق: رەشنووسى رێککەوتنێکى نوێمان لەلایەن تورکیاوە لەبارەى وزە پێگەیشتووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى نەوتى عێراق رایگەیاند، رەشنووسێکى نوێیان لەلایەن تورکیاوە پێگەیشتووە بۆ نوێکردنەوەى رێککەوتنى نێوانیان لەبارەى بۆریى هەناردەى نەوت لە رێگەى بەندەرى جەیهانەوە، بەوەى رێککەوتنەکە فراوان بکرێت بۆ کەرتى نەوت و گاز و کارەبار و پترۆکیمیایی.
ئەو روونکردنەوەیەى وەزارەتى نەوت لە رێگەى سەرچاوەیەکیانەوە بووە، کە میدیاى فەرمیى عێراق سەبارەت بە کۆتاییهاتنى رێککەوتنەکەى نێوانیان بڵاویکردووەتەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەى بەوە داوە کە وەزارەتی وزەی تورکیا نامەیەکی ئاراستەی وەزارەتی نەوت کردووە، تێیدا خواستی خۆی بۆ نوێکردنەوەی رێککەوتنەکە دەربڕیوە، هاوکات رەشنووسی رێککەوتنێکی نوێی گشتگیری بۆ هاوکاری لە بواری وزەدا هاوپێچ کردووە، کە فراوانترە لە رێککەوتنی پێشوو.
بەگوێرەی بڕیارێک کە 21ی تەممووزی 2025 بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا لە رۆژنامەی فەرمیی ئەو وڵاتە بڵاوکراوەتەوە، رێککەوتنی بۆریی نەوتی خاو کە لە ساڵی 1973 لەنێوان تورکیا و عێراق واژۆ کراوە، لە رۆژی 27ی تەممووزی 2026ـەوە کۆتایی پێدێت.
بە گوتەى سەرچاوەکەى وەزارەتى نەوتى عێراق، لەو رەشنووسەدا وەزارەتى وزەى تورکیا پێشنیازى هاوکاری لە بوارەکانی نەوت، گاز، پیشەسازیی پترۆکیمیایی و کارەبا کردووە بە ئامانجی "فراوانکردنی هاوکاری نێوان هەردوو وڵات."
هەناردەى نەوت لەو بۆرییەوە لە ساڵى 2023ـەوە راگیراوە، کە نەوتى هەرێمى کوردستان و کەرکووکى لە رێگەوە هەناردە دەکرا.
سەرچاوەکەى وەزارەتى نەوتى عێراق دەڵێت، "حکومەتی عێراق، بە نوێنەرایەتیی وەزارەتی نەوت و لە پەرۆشییەوە بۆ بەردەوامیی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ تورکیا لە تەممووزی 2024ـەوە لەگەڵ لایەنی تورکی لە دانوستاندندایە بۆ درێژکردنەوەی رێککەوتنەکە."
لە 19ی ئەیلوولی 2010، رێککەوتنێکی هەموارکراو لەنێوان تورکیا و عێراق واژۆ کرا، بۆ نوێکردنەوەی رێککەوتنی بۆریی نەوتی خاوی کەرکووک-یومورتاڵک و پرۆتۆکۆلە پەیوەندیدارەکانی و درێژکردنەوەی بۆ ماوەی 15 ساڵ.
سەرچاوەکەى وەزارەتى نەوت دەڵێت، "وەزارەتی نەوت سەرقاڵى پێداچوونەوەیە بەو رەشنووسەی لەلایەن تورکیاوە نێردراوە و گفتوگۆی لەبارەوە دەکات، بۆ گەیشتن بە داڕشتنەوەیەک کە لە بەرژەوەندیی عێراق و تورکیادا بێت."