بەدواداچوونى رووداو؛ گومرگ و پۆلێنی باج خاڵی ناکۆکی نێوان بەغدا و هەولێرن
رووداو دیجیتاڵ
چارەنووسی داهاتی گومرگ و چەند جۆرێکی باج لە هەرێمی کوردستان، بەربەستی بەردەم رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدان، کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو گەڕێکی دیکەی دانوستاندن لەبارەیانەوە دەستپێبکات.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی رووداو لە دوو سەرچاوەی بەغدا و هەولێرەوە دەستی کەوتوون، کە ئاگاداری رەوتی دانوستاندنەکانن لەبارەی مووچە، بەربەستی سەرەکیى بەردەم ناردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی 2025، پشکی وەزارەتی دارایی فیدراڵییە لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان، کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بۆ جارێکی دیکە گفتوگۆی لەبارەوە بکەنەوە.
سەرچاوەکەی رووداو لە بەغدا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی 19ی ئابدا، لەنێوان شاندی هەرێمی کوردستان و تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵ، رێککەوتن لەسەر چەند پرسێک کراوە و چەند پرسێکی دیکە ماونەتەوە، کە پەیوەندیدارن بە داهاتی نانەوتی.
ئەو سەرچاوەیە گوتی، "رێککەوتن کراوە لەبارەی رادەستکردنی 50%ی هەندێک لە داهاتی بەشە جیاوازەکانی خاڵە سنوورییەکان، بەڵام لەسەر پشکی بەغدا لە گومرگ رێککەوتنی کۆتایی نەکراوە."
ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی رێژەی ئەو داهاتە نانەوتییەی رادەست دەکرێت ئەوەیە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ داوا دەکات 50%ی کۆی ئەو داهاتانەیان رادەست بکرێت کە لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام هەولێر داوا دەکات ئەو رادەستکردنە بەگوێرەی یاسای کارگێڕیی دارایی بێت، کە تەنیا 50%ی ئەو داهاتانەیان رادەست دەکرێت کە دامەزراوەی فیدراڵین، لەوانە: فڕۆکەخانە، دەروازە سنوورییەکان، پاسپۆرت و رەگەزنامە."
سەرچاوەکەی رووداو لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "یەکێک لەو خاڵانەی کە لەبارەیەوە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن ئەوەیە کە وەزارەتی دارایی فیدراڵ داوای 50%ی داهاتی 5 بۆ 6 جۆر باج دەکات لە هەرێمی کوردستان، کە لە پارێزگاکانی عێراق نین و لەنێو پۆلێنی وەزارەتی دارایی فیدراڵدا دیارینەکراون."
بە گوتەی ئەوە سەرچاوەیە، کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی شاندی هەولێر لە بەغدا بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە دەبێت.
ماددەی 29ی یاسای کارگێڕیی دارایی ساڵی 2019ی عێراق، پشکی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی لە داهاتی نانەوتی هەژمار کردووە، کە 50%ی رسوومات و باجی فیدراڵی و داهاتی دەروازە سنوورییەکان و داهاتی خۆجێییە.
سەرچاوەکەی رووداو لە بەغدا گوتی، "وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەیەوێت میکانیزمی وەرگرتنی داهاتی نانەوتی لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی پارێزگاکانی عێراق بێت."
سێشەممە، 19ی ئابی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی دەرکرد، بەڵام جێبەجێکردنیی بەستەوە بە بەدیهێنانی سێ مەرجەوە، لەوانە: تیمە هاوبەشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ماوەی هەفتەیەکدا کارەکانیان تەواو بکەن، چارەسەری تێبینییەکان لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی گشتیدا، و دیاریکردنی بڕی داهاتی نانەوتیی ڕادەستکراو.
بەگوتەی سەرچاوەکەی رووداو لە بەغدا، ئەگەری هەیە یەکلاکردنەوەی ئەو پرسانە زیاتر لە هەفتەیەک بخایەنێت، بەهۆی ئەوەی پێویستی بە دانوستاندنی زیاترە.
بەگوێرەی چەند نووسراوێک کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، حەمید غزی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران، دەقی بڕیارەکەی هەفتەی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیرانی لەبارەی خەرجکردنی مووچەی مانگی حوزەیران، ئاراستەی وەزارەتەکانی دارایی، پلاندانان و نەوتی عێراقی کردووە بە مەبەستی جێبەجێکردنی.