ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتەوە نزیکی 3700 دۆلار


رووداو دیجیتاڵ 

نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی جیهان لەم هەفتەیەدا بەرزبووەوە و توانی بەرگری لە ئاستی بەرزی هەفتەکانی رابردووی بکات.
 
یەک ئۆنسە کانزای زەرد لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەڕێژەی 0.2٪ بەرزبووەوە و بە 3690 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بە 3727 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت. لە بازاڕدا وا باوە، زۆربەی جار زێڕ دەگاتە ئەو نرخەی بۆ مامەڵەکانی داهاتووی دانراوە.
 
ئەم هەفتەیە چەندین بەرپرسی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە بۆنەی جیاواز گوتار پێشکێش دەکەن و ئەو گوتارانە کاریگەرییان دەبێت لەسەر نرخی زێڕ.
 
گرەوی بازرگانان لەسەر بەردەوامیی کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە لە مانگەکانی داهاتوو، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕە.
 
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (کەی سی ئێم ترەید) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "نرخی زێڕ گەڕاوتەوە نزیک ئاستی 3700 دۆلار و بەرزبوونەوەکانی بەردەوام دەبێت ئەگەر ئامارە ئابوورییەکانی ئەمریکا پاڵپشت بێت بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی."
 
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە بازاڕ چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی هەڵاوسانە کە رۆژی هەینیی داهاتوو بڵاودەبنەوە.
 
رۆژی سێشەممە، چەندین بەرپرسی باڵای بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە نێوانیاندا، جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکەکە لێدوان و گوتار پێشکێش دەکەن و ئەوەش دەتوانێت کاریگەری لەسەر بازاڕی زێڕ دابنێت.