بۆچی لەبری 16 دۆلارەکە نەوت دەدرێتە کۆمپانیاکان؟
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق نەوت لەبرى 16 دۆلار دەداتە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت کە لە هەرێمى کوردستان کار دەکەن.
بڕیارە بەم نزیکانە رێککەوتنی نێوان کۆمپانیاکانی نەوت، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لەبارەى هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان واژۆ بکرێت.
بەربەستى سەرەکیى بەردەم ئەو پرسە، گەرەنتیى خەرجکردنى ئەو 16 دۆلارە بووە بەگوێرەى هەموارى یاسای بودجە بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوت تەرخانکراوە.
دوو سەرچاوەى بەرپرس لە بەغدا و سەرچاوەیەک لە هەرێمى کوردستان ئەوەیان بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە، بەگوێرەى لێکتێگەیشتنى نێوان کۆمپانیاکان و وەزارەتى نەوتى فیدراڵ، بۆ گەرەنتیکردنى خەرجکردنى ئەو 16 دۆلارە، نەوت دەدرێتە کۆمپانیاکان.
بەگوێرەى لێکتێگەیشتنەکە، بڕیارە لەبری 16 دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک، نەوت بە کۆمپانیاکان بدرێ.
سەرچاوەیەکى رووداو لە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق گوتی: "لە کۆبوونەوەى رابردووى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە 16ـى ئەیلوول، باس لەوە کرا کە نەوت دەدرێتە ئەو کۆمپانیایانەى لە هەرێمى کوردستان نەوت بەرهەم دەهێنن."
رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا بەم جۆرەیە: رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت بۆ هەناردەکردن رادەستى کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتی عێراق (سۆمۆ) بکرێ و حەقدەستى هەر بەرمیلێکى 16 دۆلار هەژمار دەکرێ.
بەگوێرەى سەرچاوەکانى رووداو لە بەغدا و هەرێمى کوردستان، دوو هۆکار هەبوون بۆ دیاریکردنى نەوت وەک شایستەى دارایی کۆمپانیاکان. یەکەم، گەرەنتییەکە بۆ ئەو کۆمپانیایانە کە شایستە داراییەکانیان مسۆگەر بکرێ بەهۆى ترسیان لە دواکەوتنى، ئەگەر لەلایەن بەغداوە شایستەی داراییان بە پارە بۆ خەرج نەکرێ. هۆکاری دووەم ئەوەیە بەغدا لە گوشاری کێشەی کەمیی نەختینە رزگاردەکات. ئەگەر بە دۆلار بووایە، ئەگەری دواکەوتن لە خەرجکردنی شایستە داراییەکانى کۆمپانیاکان هەبووە.
بەپێی زانیارییەکان، پێوەری پێدانی نەوت بە کۆمپانیاکان لە بەرامبەر شایستە داراییەکانیان، بەگوێرەی نرخی نەوتی فرۆشراو دەبێت لەڕێگەی بەندەری جەیهانى تورکیا. بۆ نموونە، ئەگەر بەرمیلێک نەوت 64 دۆلار بفرۆشرێ، ئەوا بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی چوار بەرمیل نەوت، کۆمپانیاکان وەک شایستە یەک بەرمیل نەوتیان بە نرخى ئەو رۆژە پێدەدرێ.