لە ئیلام 'رۆژانە 200 هەزار بەرمیل نەوت و 7 ملیۆن مەتر سێجا گاز بەرهەم دەهێندرێت'
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری ئیلام دەڵێت، ئیلام یەکێک لە پارێزگا گرنگ و ستراتیجییەکانی ئێرانە و رۆژانە 200 هەزار بەرمیل نەوت و 7 ملیۆن مەتر سێجا گاز بەرهەم دەهێنێت.
ئەحمەد کەرەمی، پارێزگاری ئیلام لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی کارگێڕیی پارێزگاکەدا ئاماژەی بە دەوڵەمەندیی ئیلام لە بوارەکانی نەوت و گاز کرد و رایگەیاند، 11%ی یەدەگی گاز و 4%ی یەدەگی نەوتی ئێران لە ئیلامە، بەو جۆرەش ئەو پارێزگایە لە بواری یەدەگی گازەوە لەسەر ئاستی ئێران لە پلەی دووەم و لە بواری یەدەگی نەوت لە پلەی سێیەم دێت.
بەگوتەی پارێزگاری ئیلام، ئێستا 12 کێڵگەی نەوت لە پارێزگاکەدا هەن، کە هەشتیان چالاکن و نەوت بەرهەم دەهێنن؛ سێ کێڵگەی دیکەش بە ناوەکانی ئازەر، چەنگووڵە و سەمەند کارکردن تێیاندا بەردەوامە و هێشتا نەگەیشتوونەتە قۆناخی بەرهەمهێنانی نەوت.
ئەحمەد کەرەمی گوتی، "لەگەڵ ئەوەی پارێزگای ئیلام لە بواری سامانی نەوت و گاز و سامانە سرووشتییەکانی دیکەوە دەوڵەمەندە، رێژەی بێکاری و هەڵاوسان تێیدا لە تێکرای ئێران بەرزترە."
ئەحمەد کەرەمی گوتی، "هەڵاوسان لە ئیلام 52٪ـە کە زیاترە لە تێکرای هەڵاوسان لە ئێران."
بە پێی راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێرانیش، لە هاوینی ئەم ساڵدا رێژەی بێکاری لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان 10٪ بووە.
پارێزگای ئیلام ئاماژە بەوە دەکات، 150 پرۆژەی تەواونەکراو لە سنووری پارێزگاکەدا هەن و دەڵێت، "تاوەکو ئەو پرۆژانە تەواو نەکرێن، رێگە بە جێبەجێکردنی هیچ پرۆژەیەکی نوێ نادرێ."
ئەحمەد کەرەمی ئاماژەی بە سەردانی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بۆ پارێزگاکە لە بەهاری ئەم ساڵدا کرد و رایگەیاند، لەو سەردانەدا بایی 40 تریلیۆن تمەن بۆ پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی پارێزگەکە تەرخان کرا.
پارێزگاری ئیلام جەخت لەسەر پەرەپێدانی ژێرخانەکانی پارێزگاکە دەکاتەوە و دەڵێت، پارێزگای ئیلام ناوچەیەکی گرنگە و ساڵانە نزیکەی 8 ملیۆن زیارەتکار لە رێگەی ئەو پارێزگایەوە هاتووچۆ دەکەن. بۆیە پێویستە ئەم راستییە لەبەرچاو بگیرێ کە ژێرخانەکانی ئیلام تەنیا بۆ 600 هەزار کەس لە دانیشتووانی نییە و دەبێ پەرەیان پێبدرێت.
پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان نزیکەی 430 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ عێراق هەیە و دەروازەی سنووریی مێهران دەکەوێتە ئەو پارێزگایە کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆری گەشتیار و زیارەتکاری شیعە لەو رێگەیەوە هاتووچۆ دەکەن.
رووبەڕی پارێزگای ئیلام زیاتر لە 20 هەزار و 133 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و بە گوێی دوایین ئامارە فەرمییەکانی ئێران، ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 600 هەزار کەسە.