کشتوكاڵی شنۆ: بەرهەمی سێومان 25% کەمی کردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شنۆ دەڵێت، ئەم ساڵ بەهۆی سەرما و کاریگەرییەکانی دیکەی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەواوە باخەکانی سێوی سنوورەکە زیانیان بەرکەوت، هەربۆیەش بەرهەم بە رێژەی 25% کەمی کردووە.
عەبدولخالق جەوانمەرد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شنۆ رایگەیاند، بە پێی پێشبینییەکانیان ئەم ساڵ بەرهەمی سێوی سنووری شارەکە بۆ 125 هەزار تۆن دادەبەزێ.
بە گوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شنۆ، لە سنووری شارەدا 14 هەزار هێکتار باخ هەیە کە 90%ی باخەکانی سێون.
عەبدولخالق جەوانمەرد گوتی، لە ناوچەکەدا 55 ساردخانە بۆ هەڵگرتن و کۆگاکردنی سێو هەن کە توانای کۆگاکردنی 170 هەزار تۆن سێو و میوەی دیکەیان هەیە.
شنۆ سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە لەسەر ئاستی ئێران بە گەورەترین بەرهەمهێنەری سێو دەناسرێت.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران و بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ، سێیەکی سێوی ئێران لەو پارێزگایە بەرهەم دێ و ساڵانە لە نێوان یەک ملیۆن تاوەکو یەک ملیۆن و 200 هەزار تۆنە.