پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بۆ رووداو: بودجەی سێ ساڵە خەرجییەکی زۆری لەخۆگرتووە

 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، بودجەی سێ ساڵە خەرجییەکی زۆری لەخۆگرتووە، بۆیە کورتهێنان تێیدا بەرز بوو، بەڵام هاوئاهەنگی لەنێوان وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی هەیە، لەپێناو ئەوەی سەقامگیریی دارایی زیاتر هەبێت."
 
لێدوانەکەی عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بۆ پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لەدوای بەشداریکردنی بوو لە دووەم کۆنفرانسی زانستیی کۆلێژی کارگێڕی و ئابووریی زانکۆی دهۆک.
 
لەبارەی کۆنفرانسەکەوە عەلی عەللاق گوتی، "ئەم کۆنفرانسە تیشک دەخاتە سەر بابەتێکی لەپێشینەی نیشتمانی، چونکە کاتێک باس لە پارەدانی ئەلیکترۆنی دەکەین، واتای ئەوەیە باس لە لایەنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی فراوان و گەورە دەکەین."
 
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، بابەتی سڕینەوەی سفرەکان لەسەر دراوی عێراقی، پڕۆژەیەکی بەردەوامە و لە داهاتوودا بەرەوپێشچوون لە بابەتەکەدا دەبێت.
 
دەقی پرسیار و وەڵامی پەیامنێری رووداو و پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق:
 
رووداو: بەخێربێیت بۆ دهۆک، کۆنفرانسەکەت پێ چۆن بوو؟
 
عەلی عەللاق: لەڕاستیدا کۆنفرانسەکە تیشک دەخاتە سەر بابەتێکی لەپێشینەی نیشتمانی بە شێوەیەکی گەورە، کاتێک باس لە پارەدانی ئەلیکترۆنی دەکەین واتای ئەوەیە باس لە لایەنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی فراوان و گەورە دەکەین، پەیوەستە بە بابەتی گەشەپێدان و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا داراییە نوێیەکان، کە خزمەتی ئابووریی نیشتمانی بکات.
 
رووداو: ویستێک بۆ سڕینەوەی سفرەکان لەسەر دیناری عێراقی هەبوو، ئەو پرسە بە کوێ گەیشت؟
 
عەلی عەللاق: بابەتی سڕینەوەی سفرەکان لەسەر دراوی عێراقی، پڕۆژەیەکە هێشتا هەیە و بەردەوامە، کاری پلاندانانی بۆ دەکەین و لە داهاتوودا بەرەوپێشچوون لەو بابەتەدا دەبیستین.
 
رووداو: ئایا عێراق بە کەمیی نەختینەوە دەناڵێنێت؟
 
عەلی عەللاق: چۆن واتا کەمیی نەختینە؟
 
رووداو: هەر کاتێک کە مووچە دوادەکەوێت دەڵێن کەمیی نەختینە هەیە..
 
عەلی عەللاق: بە دڵنیاییەوە بودجەی سێ ساڵە، بودجەیەک بوو کە خەرجییەکی زۆری لەخۆگرتبوو، بۆیە کورتهێنان تێیدا بەرز بوو، بەڵام هاوئاهەنگی لە نێوان وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی هەیە، لەپێناو ئەوەی سەقامگیریی زیاتر لە داراییدا هەبێت، پلان هەیە و جێبەجێ دەکرێت بە هاوئاهەنگی لەنێوان حکومەت و بانکی ناوەندی بۆ دانانی بنەمایەک بۆ بەردەوامیی دارایی، کە تووشی کەمی و گرفت نەبێتەوە، ئەو بەرنامانەی حکومەت و بانکی ناوەندی کاری لەسەر دەکەن، زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکانە و بۆ خۆپاراستنە لەو شۆکانەی تووشی ئابووریی عێراق دەبێت، پێموایە لە داهاتوودا بەرەوپێشچوونی زۆر لەو بابەتە دەبێت، بابەتی بەردەوامیی دارایی ئامانجێکی گرنگ و بنەڕەتییە کە هەمووان کاری لەسەر دەکەین.
 
رووداو: پرسی چاپکردنی دراوی 20 هەزاری بە کوێ گەیشت؟ ئایا دەکرێت پارەی 20 هەزاری چاپ بکرێت؟
 
عەلی عەللاق: لەگەڵ نوێکردنەوەی پێشنیازی بابەتی سڕینەوەی سفرەکان کە ئامادەکاریی بۆ دەکرێت ئێستا، هەیکەلی دراوەکان بە شێوەیەکی گشتی دووبارە دادەنرێنەوە، لەنێویاندا 20 هەزار دیناری.
 
رووداو: ئایا عێراق دەتوانێت لە داهاتوودا پارە بدات؟ چونکە زۆرێک لە داهاتەکەی بۆ مووچە دەڕوات.
 
عەلی عەللاق: وەک روونم کردەوە، ئەم پرسیارە دەبێت ئاراستەی وەزارەتی دارایی بکرێت نەک بانکی ناوەندی، بەڵام وەک ئاماژەم پێدا، پلان و نەخشەسازی هەیە بۆ دانانی بنەمای دارایی تەندروست کە پشت بە خوا بەردەوامیی دارایی لە داهاتوودا گەرەنتی دەکات.
 
رووداو: دەگوترێت چیتر بەربەست لەبەردەم راکێشانی داهاتی نەوتی لە ئەمریکاوە نییە، ئەوە راستە؟
 
عەلی عەللاق: بەڵێ، هیچ رێگری و بەربەستێک نییە، ئێمە رۆژانە بە نزیکەیی ئەو بڕە دۆلارە ئەمریکییەی وەریدەگرین، راستەوخۆ دەیگۆڕین بۆ دیناری عێراقی، ئەوەش بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی وەزارەتی دارایی و پارەدانی ئەوانەی بە دۆلار بەرامبەر بە دینار پێی دەگات.
 
رووداو: سەبارەت بە زێڕ، دەبینین لە بازاڕەکانی جیهان زێڕ بەرزبووەتەوە، ئێوە وەکو بانکی ناوەندی ئامۆژگاریی هاووڵاتیی عێراقی دەکەن زێڕ بکڕن یان نا؟
 
عەلی عەللاق: لەڕاستیدا وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە قورسە، چونکە پرسی زێڕ و دراوەکان پەیوەستن بە هۆکار و دۆخی جیاوازەوە، راستە کە ئاراستەیەکی جیهانی لەلایەن بانکە ناوەندییەکانی جیهان و وڵاتان هەیە بۆ وەبەرهێنان کردن لە زێڕ، بەڵام بابەتەکە بەستراوەتەوە بە چەند پرسێکی سیاسی و گۆڕانە ئابوورییەکان و ئەو دۆخەی جیهانی پێدا دەڕوات. بۆیە پێشبینیکردنی ئەم بابەتە سەختە، بەڵام هەندێک لە ئاماژە ئابوورییەکان بۆ ئەوە دەچن کە ئاراستەی گشتی بەرەو بەرزبوونەوەیە.