شارەزایەک: دوور نییە ئۆنسەیەک زیو بۆ 46 دۆلار دابەزێ
رووداو دیجیتاڵ
شارەزایەکی بازاڕە داراییەکان دەڵێت، ئەگەری دابەزینی زیاتری نرخی زێڕ، زیو و یۆرۆش هەیە.
د. محەممەد ئەمین، شارەزای بازاڕە داراییەکان بە رووداوی راگەیاند، کڕیارەکانی ئێستای بازاڕ [ـی زێڕ]، کۆمپانیا گەورەکان نین و خەڵک بوون کە وایانکردبوو لە رۆژانی رابردوودا نرخی زێڕ بەشێوەیەکی نائاسایی بەرز ببێتەوە.
ئەو دەڵێت، ئەمە نیشانی دەدات کە نرخی زێڕ هیچ کاتێک بەردەوام بەرز نابێتەوە و بەپێچەوانەشەوە.
د. محەممەد ئەمین کە بە د. ترەیدەر ناسراوە دەڵێت، دەبێت بۆ ئەو کەسانەی زێڕیان هەیە، گرنگ ئەوە نەبێت کە نرخی زێڕ بەرزدەبێتەوە یان دادەبەزێت، بەڵکو پلانیان ئەوە بێت دوای بەرزبوونەوە یان دابەزینی نرخەکە چی دەکەن.
لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و چینەوە د. محەممەد ئەمین گوتی: "ئەمریکا شتێک ناکات کە پێشتر پلانی بۆ دانەنابێت، بۆ نموونە ئەمریکا ئەگەر دۆلاریش لاواز بکات، بەدڵنیاییەوە پلانێکی هەیە". گوتیشی، "چین هەرچەندێک بەهێز بێت، جێگەی متمانەی وڵاتەکانی دیکە نییە، تەنانەت دۆستەکانی خۆشی. چونکە وڵاتێکی دیکتاتۆرە و ئابوورییەکی کراوەی نییە. واتە خەڵک ئامادەیە لە دۆلار زەرەر بکات، بەڵام لە یوان قازانج نەکات".
ئەو پسپۆڕە پێیوایە، دۆخی ئابووریی ئەمریکا خراپ نییە وەک باس دەکرێت و ترس لێی هەیە. لەبارەی زۆریی نەختینەشەوە لە بازاڕی ئەمریکا، د. ترەیدەر دەڵێت، زۆر نییە بۆ چارەسەری ئەمە، سوودی بانکی بەرزیش بکرێتەوە یان لانیکەم وەک خۆی بهێڵدرێتەوە. کە ئەمە بە ئەگەرێکی زۆرەوە نرخی زێڕ دادەبەزێنێت.
لە ئێوارەی دوێنێوە نرخی ئۆنسەیەک زیو لە 52 دۆلارەوە بۆ 48 دۆلار دابەزیوە. ئەمە زۆرترین دابەزینی رۆژانەیە لە ئەیلوولی 2011ـەوە تۆمارکرابێت.
د. ترەیدەر دەڵێت، زێڕ و زیویش ئەگەری دابەزینی زیاتریان هەیە.
لەبارەی زیوەوە پسپۆڕەکە دەڵێت، دەکرێت "ئۆنسەیەک زیو بۆ 47 بۆ 46 دۆلاریش دابەزێت. بۆیە کڕینی لەم نرخەی ئێستا بە گونجاو نابینم". گوتیشی، "زۆر زەحمەتە بۆ ئێستا زیو ئاستی 50 دۆلار تۆمار بکاتەوە."
قسەکانی د. ترەیدەر رۆژی چوارشەممە لە بڕگەی "شەتڕەنج لەگەڵ د. ترەیدەر" لە کاتی پێشکێشکردنی بووڵتەنی ئابووریی لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح بوو
"ئەگەری دابەزینی نرخی یۆرۆ هەیە"
د. ترەیدەر باسی لە نرخی یۆرۆ کرد کە لە هەفتەی رابردووەوە نرخەکەی بەرامبەر بە دۆلار دابەزیوە و گوتی: "یۆرۆ کێشەیەکی گەورە و بنچینەیی نییە، بەڵام کێشەیەکی هەیە؛ ئەویش کورتهێنانی بودجەیە لە فەرەنسا و ئەو کێشە سیاسییانەی لەو وڵاتە دروستبوون."
ئەو پسپۆڕە گوتی، "بەهۆی پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکاوە، ئەم ساڵ ئابووریی یەکێتیی ئەورووپا کەمترین گەشەی ئابووری تۆمارکردووە کە 1٪ بووە. شەڕی ئۆکرایناش هێشتا وەک کێشەیەکی گەورە لەبەردەم ئابووریی ئەورووپا ماوە، چونکە بودجەیەکی زۆریان بۆ تەرخانکردووە."
29ـی ئەم مانگە بانکی ناوەندیی ئەورووپا لەبارەی رێژەی سوود کۆدەبێتەوە. د. محەممەد ئەمین پێشبینی دەکات، بانکەکە بە "ئەگەرێکی زۆرەوە رێژەی سوود کەم ناکاتەوە و وەک خۆی لە 2.15٪ دەیهێڵێتەوە."
ئێستا یەک یۆرۆ بەرامبەر بە 1.16 دۆلارە. د. ترەیدەر گوتی، نرخی ئێستای یۆرۆ بەرامبەر بە دۆلار گرانە. بۆیە "پێموایە دەکرێت نرخی یۆرۆ زیاتر دابەزێت و رەنگە نرخی یەک یۆرۆ بۆ 1.15 یان 1.14ـش دابەزێت." گوتیشی، "ئێستا لە بازاڕی یۆرۆ، فرۆشیار زیاترن وەک لە کڕیار".
لەبارەی ئاراستەی داهاتووی یۆرۆوە د. ترەیدەر دەڵێت، ئاستی 1.15 بۆ 1.14 دۆلار بۆ یەک یۆرۆ، دەکرێت ناوچەی کڕینی یۆرۆ بن. ناوچەی فرۆشتنیش 1.17 بۆ 1.18 دەبێت.