نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت دابەزی بۆ کەمتر لە 63 دۆلار
رووداو دیجیتاڵ
پێشنیاز و هەوڵە دووبارەکانی ئەمریکا بۆ بەدیهێنانی ئاگربەست لە ئۆکراینا نرخی نەوتی دابەزاندووە.
نرخەکانی نەوت رۆژی هەینی بە رێژەی زیاتر لە 1% دابەزینیان بەخۆوە بینی.
نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 82 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 62 دۆلار و 56 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 94 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 58 دۆلار و 6 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
لە ماوەی یەک هەفتەدا نرخەکانی نەوت بە رێژەی 3% دابەزیون، کە کەمترین ئاستی یەک مانگی رابردووە.
دابەزینی نرخی نەوت دوای ئەوە دێت کە واشنتن گوشارەکانی لەسەر ئۆکراینا و رووسیا زیادکردووە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست.
ئەگەری بەدیهاتنی ئاگربەست دەتوانێت رێگەخۆشکەر بێت بۆ گەڕانەوەی نەوتی رووسیا و هەڵگرتنی سزاکان لەسەر ئەو وڵاتە.
هەرچەندە سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاندووە کە وڵاتەکەی لەژێر گوشارێکی زۆردایە بۆ پەسەندکردنی پلانەکەی ئەمریکا، سەرۆکی رووسیا پێشوازیی لێکردووە.