بیتکۆین لە یەک رۆژدا 6%ی بەهای خۆی لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی بیتکۆین، گرینگترین دراوی دیجیتاڵیی جیهان، بە تەنیا لە رۆژی هەینی بە رێژەی 6% دابەزی و ئێستا بە نزیکەی 84 هەزار دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
 
نرخی بیتکۆین رۆژی هەینی تەنانەت نزیکبووەوە لە ئاستی هەستیاری 80 هەزار دۆلار و دابەزی بۆ نزیکەی 80 هەزار و 500 دۆلار.
 
راکێشانی پارە لە بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی بیتکۆین و دراوە دیجیتاڵییەکانی دیکەیە.
 
بەپێی شرۆڤەکاران، دابەزینی نرخی بیتکۆین هاوکاتە لەگەڵ دابەزینی بەرچاوی بازاڕەکانی بۆرسەی ئەمریکا، بەتایبەت دابەزینی بەهای پشکی کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆجیا و ئەوەی کە پێی دەگوترێت، بڵقی کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆجیا.
 
بازرگانان لەبەر نیگەرانی لە داڕمانی بازاڕەکانی بۆرسە، سامانەکانی خۆیان لە چەشنی دراوە دیجیتاڵییەکان راکێشاوە و بردوویانەتە ئەو بازاڕانەی کە مەترسیی کەمتری لەسەرە، وەک زێڕ.
 
بیتکۆین نە تەنیا قازانجەکانی هەموو ئەم ساڵی لەدەستداوە، بەڵکو نرخەکەی ئێستا بە رێژەی 9% لە نرخی سەرەتای ئەم ساڵی کەمترە.