زێڕ بەربەستی 4,400 دۆلاری تێپەڕاند

رووداو دیجیتاڵ
 
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە سەرووی 4 هەزار و 400 دۆلار، ئەوەش بەرزترین ئاستە لە مێژووی ئەو مادە گرانبەهایەدا تۆمارکرابێت.
 
پێشتر و لە 20ی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ، نرخی ئۆنسەیەک گەیشتە 4,381 دۆلار، ئەوە دوایین پێوانەشکاندنی زێڕ بوو.
 
هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ چاوەڕوانییەکان بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی، کڕینی زۆری زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارام و دابەزینی بەهای دۆلارە.
 
تاوەکو ئێستا زێڕ لە ئەم ساڵدا بەڕێژەی 67% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
 
کێشە جیۆسیاسییەکان، ناکۆکییە بازرگانییەکان، کڕینی زێڕ لەلایەن بانکە ناوەندییەکان و چاوەڕوانییەکان بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە ساڵی داهاتوودا، نرخی زێڕی گەیاندووەتە ئاستەکانی ئێستا.

بازرگانان گرەویان لەسەر کەمکردنەوەی زیاتری سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندی ئەمریکاوە کردووە.

10ـی ئەم مانگە بانکی ناوەندی ئەمریکا سوودی بانکی بەڕێژەی 0.25٪ کەمکردەوە بۆ نزیکەی 3.75٪ بۆ 4٪، بەڵام هێشتا چاوەڕوانی کەمکردنەوەی زیاتری سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندی ئەمریکاوە دەکرێت کە لە مانگی داهاتوشدا لەسەر ئەو بابەتە کۆدەبێتەوە.