دوای نزیکەی دوو مانگ؛ مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 گەیشتەوە 880 هەزار دینار

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ نرخی ئۆنسەی زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژوو، مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 880 هەزار دینار دەفرۆشرێت.
 
عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 22 بە 922 هەزار دینارە، عەیاری 18 بە 755 هەزار دینارە."
 
دوێنێ نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 بە 863 هەزار دینار بوو، عەیاری 22 بە 905 هەزار دینار و عەیار 18ش بە 740 هەزار دینار بوو.
 
عەبدوڵڵا ئەکرەم گوتی، نرخی ئەمڕۆ بەگوێرەی نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان دیاریکراوە، کە یەک ئۆنسە بە 4 هەزار و 414 دۆلارە.
 
 هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ چاوەڕوانییەکان بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی، کڕینی زۆری زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارام و دابەزینی بەهای دۆلارە.
 
تاوەکو ئێستا زێڕ لە ئەم ساڵدا بەڕێژەی 67% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
 
کێشە جیۆسیاسییەکان، ناکۆکییە بازرگانییەکان، کڕینی زێڕ لەلایەن بانکە ناوەندییەکان و چاوەڕوانییەکان بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە ساڵی داهاتوودا، نرخی زێڕی گەیاندووەتە ئاستەکانی ئێستا.
 
10ـی ئەم مانگە بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکی بەڕێژەی 0.25٪ کەمکردەوە بۆ نزیکەی 3.75٪ بۆ 4٪، بەڵام هێشتا چاوەڕوانی کەمکردنەوەی زیاتری سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە دەکرێت کە لە مانگی داهاتوشدا لەسەر ئەو بابەتە کۆدەبێتەوە.