بریکاری پێشووی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق: تاوەکو نێوەڕاستی ئەم ساڵ بەهای دینار ئاسایی دەبێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بریکاری پێشووی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، ئەگەری بڕینی دۆلار لەلایەن ئەمریکاوە بۆ عێراق دوورە لە واقیع.
 
زیاتر لە مانگێکە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار ناجێگیرە و 100 دۆلار بە زیاتر لە 150 هەزار دینارە.
 
فالح داوود، بریکاری پێشووی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق گوتی: "ئەو بەرز و نزمییەی ئێستا لە بازاڕدا دەبینرێت کاتییە و پەیوەندی بە دۆخی نێوخۆیی و دەرەکییەوە هەیە."
 
سەبارەت بە هۆکارە دەرەکییەکان، فالح داوود دەڵێت، ناسەقامگیریی سیاسی لە وڵاتانی دراوسێ کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر عێراق هەیە، چونکە سیستم گۆڕاوە بۆ "خواستی زۆر و خستنەڕووی کەم"، ئەمەش وایکردووە بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بە جێگیری نەمێنێتەوە.
 
ئەو بریکارەی پێشوو باس لەوە دەکات، "هەندێک کەس بەهۆی ترسیان لە دەنگۆکان، روو لە کڕینی زێڕ دەکەن، زێڕیش بە دۆلار دەکڕدرێ، ئەمەش خواست لەسەر دۆلار زیاد دەکات و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی لە بازاڕدا."
 
ئەو شارەزایە گوتیشی، ئەگەر گۆڕانکارییەکی سیاسیی گەورە لە ناوچەکەدا روونەدات، چاوەڕوان دەکرێ تاوەکو کۆتایی نیوەی یەکەمی ئەم ساڵ، واتە پێش مانگی حوزەیران، بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بگەڕێتەوە سەر ئەو ئاستەی کە لە کۆتایی ساڵی رابردوودا هەبوو.
 
لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو، 100 دۆلار بە نزیکەی 143 هەزار دینار بوو.
 
فالح داوود هۆشداری دا کە هەر جۆرە پێکدادانێکی سەربازی لەنێوان ئەمریکا و ئێران "دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بۆ ئاستێکی زۆر بەرز". هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە زۆربەی هاوردە کردنی کاڵاکان لە ئێرانەوە بۆ عێراق بە دۆلار پارەدار دەکرێن.
 
گوتیشی، "ئەگەر شەڕ رووبدات، هەناردەی کاڵای ئێرانی دەپچڕێت و دەبێت پەنا بۆ بازاڕی دیکە ببردرێ، ئەوەش پێویستی بە بڕێکی زۆرتر لە دراوی بیانی دەبێت و گوشاری زیاتر دەخاتە سەر خواست بۆ دۆلار."
 
قسەکانی فالح داوود ئەمڕۆ دووشەممە لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 9:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە بەختیار عەبدولعەزیز پێشکێشیکرد.
 
سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئەمریکا لە ئەگەری بوونەوەی نووری مالیکی بە سەرۆکوەزیرانی عێراق، فالح داوود رایگەیاند، بڕینی دۆلار لە عێراق "دوورە لە واقیع." گوتیشی، "ئێمە پێش ساڵی 2003ش ئەزموونی ئەوەمان کردووە، رێگەی دیکەمان هەیە بۆ دابینکردنی دۆلار بۆ پێداویستیی بازاڕی ناوخۆ."
 
بەڵام جەختی لەوە کردەوە، پارەی نەوتی عێراق لە بانکی فیدراڵیی ئەمریکایە، بۆیە پێویستە حکومەتی نوێ یان سیاسەتی نوێی عێراق، ئەمریکییەکان رازی بکات کە بڕی خستنەڕووی دۆلار بۆ عێراق زیاد بکەن تاوەکو وڵاتەکە بتوانێت پێداویستییەکانی خۆی پڕ بکاتەوە.
 
فالح داوود باسی لەوە کرد، گۆڕانکارییەکانی گومرگی ئەمریکا کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر هاوردەی عێراق نییە، چونکە بازاڕی عێراق پشت بە چەندین وڵاتی جیاواز دەبەستێت.
 
ئاماژەی بەوەش کرد، بازرگانان خۆیان لەگەڵ رێژە نوێیەکانی گومرگ کە حکومەتی عێراق رایگەیاندووە، دەگونجێنن، بۆیە پێشبینی دەکرێ لە نیوەی دووەمی ئەم ساڵدا هاوسەنگییەک لە نێوان هاوردەکردن، کاڵای بەردەست و پێداویستییەکانی بەکاربەر دروست بێت و بازاڕ ئارام ببێتەوە.