عێراق و کۆمپانیای شیڤرۆن بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی سێ پارێزگا رێککەوتن
رووداو دیجیتاڵ
بە ئامادەبوونی نێردەی تایبەتی ئەمریکا، محەممەد شیاع سوودانی سەرپەرشتی واژۆکردنی دوو رێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمریکی کرد، بۆ گەشەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی بەسرە، زیقار و سەڵاحەدین.
ئەمڕۆ دووشەممە 23ی شوباتی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، رێورەسمی واژۆکردنی رێککەوتنەکان بە ئامادەبوونی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا و جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بەڕێوەچووە.
بەپێی رێککەوتنی یەکەم کە لە نێوان کۆمپانیای نەوتی بەسرە و کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمریکی واژۆکراوە، بەڕێوەبردنی کێڵگەی نەوتی (قورنەی رۆژئاوا 2) دەگۆڕدرێت.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، کۆمپانیای نەوتی بەسرە و کۆمپانیای (لوک ئۆیل)ی رووسی رێککەوتنێکی یەکلاکردنەوەیان واژۆکردووە، کە بەپێی ئەوە گرێبەستەکە بە شێوەیەکی کاتی دەگوازرێتەوە بۆ کۆمپانیای نەوتی بەسرە و دواتر رادەستی شیڤرۆنی ئەمریکی دەکرێت؛ ئەمەش دوای تەواوبوونی دانوستاندنەکان لە ماوەی ساڵێکدا.
رێککەوتنی دووەم لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوتی زیقار و نەوتی باکوور بووە، کە ئامانج لێی گەشەپێدانی کێڵگەی نەوتی ناسریە لە پارێزگای زیقار و چوار بلۆکی گەڕانە لە زیقار، لەگەڵ کێڵگەی نەوتی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەدین.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق جەختی لە گرنگیی ئەم رێککەوتنانە کردەوە و رایگەیاند، "ئەم هەنگاوانە کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر بارودۆخی ئابووری و بژێوی دانیشتووانی پارێزگاکانی زیقار و سەڵاحەدین دەبێت، ئەویش لە رێگەی زیادکردنی بەرهەم و رەخساندنی هەلی کار بۆ خەڵکی ناوچەکە."
ئەم رێککەوتنە مافی دانوستاندنی تایبەت بۆ ماوەی ساڵێک دەداتە کۆمپانیای شێڤرۆن، تاوەکو لەسەر بنەمای ئەو پێوەرانەی لەسەری رێککەوتوون، بگەنە قۆناخی واژۆکردنی کۆتایی گرێبەستەکە.