بانکی بازرگانیی عێراق پارە کۆن و دڕاوەکانی هاووڵاتییان دەگۆڕێتەوە بۆ تازە
رووداو دیجیتاڵ
بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) بڕیارێکی نوێی لەبارەی ئەو پارانە دەرکرد کە شێواون یان زیانیان پێگەیشتووە و رایدەگەیێنێت، لەمەودوا هاووڵاتییان دەتوانن لە تەواوی لقەکانیاندا ئەو پارانە بگۆڕنەوە بە تازە.
ئەمڕۆ دووشەممە 23ی شوباتی 2026، بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بە پشتبەستن بە رێنوێنییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، خزمەتگوزاریی گۆڕینەوەی ئەو پارانەی کە زیانیان پێگەیشتووە و تێکچوون، لە تەواوی لقەکانماندا بەردەستە."
مەرجەکانی گۆڕینەوەی پارەی تێکچوو
بەگوێرەی بانکی بازرگانیی عێراق، پرۆسەی گۆڕینەوەکە بەپێی یاسای ژمارە 56ی ساڵی 2004ی بانکی ناوەندی دەبێت و تێیدا جۆر و مەرجەکانی ئەو پارانە دیاریکراون، کە دەگۆڕدرێنەوە.
- ئەو پارانەی بەهۆی بەکارهێنانی زۆرەوە کۆن بوون، بەڵام هیچ بەشێکیان ون نەبووە.
- پارەیەک کە دڕانێکی تێدابێت و درێژییەکەی لە (3 سانتیمەتر) زیاتر نەبێت و بە شریتی شەفاف چاککرابێتەوە.
- پارەیەک کە سووچێکی قرتابێت بە مەرجێک لە (2 سانتیمەتر) زیاتر نەبێت.
- ئەو پارانەی لە دوو پارچە پێکهاتوون (ژمارەکانیان جیاوازن) بەڵام رووبەرەکەیان نزیکە لە رووبەری پارە ئەسڵییەکە و پێکەوە لکێندراون.
- ئەو پارانەی کەمتر لە 50%ی رووبەرەکەیان لەدەستداوە.