ئێکسۆن مۆبیل 1800 کارمەندی خۆی ناردە ماڵەوە

 
 
رووداو - هەولێر

جێرێمی ئیکێنبێری، گوتەبێژی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل رایگەیاند، کۆمپانیاکە بەڵێندەرەکانی ئاگادارکردووەتەوە کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە خەرجییەکانی کەم دەکاتەوە و هەر کاتێک بەرنامەکە بەتەواوەتی ئامادەکرا، بە فەرمی رایدەگەیەنێت.
 
ئێکێنبێری جەختی لەوە کردەوە، بەهۆی ئەو ژینگە نوێیەی دروستبووە، کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل خەرجییەکان و وەبەرهێنانەکانی بە رێژەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە.
 
ئێکسۆن مۆبیل بەڵێندەر و هابەشەکانی لە بەرنامەکەی ئاگادارکردووەتەوە و بە گوتەی گوتەبێژی کۆمپانیاکە، رەنگە ئەوە ببێتە هۆکار بۆ ئەوەی ئەو کۆمپانیایانەش هێزی کاری خۆیان کەم بکەنەوە و دەست بە خەرجییەکانیانەوە بگرن.
 
ئێکسۆن مۆبیل کە بە یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیا نەوتییەکانی جیهان ئەژمار دەکرێت، خەرجییەکانی پەیوەست بە بەکارخستنی پاڵاوگەکانی کەم کردووەتەوە. لەو چوارچێوەیەشدا هەزار و 800 کرێکار و کارمەندی خۆی لە پاڵاوگەی لویزیان ناردووەتە ماڵەوە.
 
بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە کە لە بنەڕەتدا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە رووی داوە، کۆمپانیا نەوتییەکان لەژێر گوشارێکی زۆری داراییدان و وەبەرهێنانەکانی خۆیان کەم کردووەتەوە.