جەنگ لە 24 رۆژدا؛ 2%ی هێرشەکان بۆسەر ژێرخانی وزە بوون

 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوتی برێنت هێشتا لە سەرووی 100 دۆلارە. ئەو بڕە نەوتەی وڵاتانی بەکاربەر لە کۆگەی نیشتمانییەوە خستیانە بازاڕ، نەیتوانی نرخ دابەزێنێت، چونکە هیچ خستنەڕوویەک ناتوانێت ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە کە بەهۆی داخستنی تەنگەی هورمزەوە لە بازاڕ کەم بووەتەوە. هەربۆیە، رۆژ دوای رۆژ گوشارەکانی ئەمریکا و جیهان بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز و تێپەڕبوونی کەشتییەکان روو لە زیادبوون دەکەن.
 
گرتنی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە پێ دەنێتە 24یەمین رۆژەوە. هێشتا ژمارەی ئەو کەشتییانەی لەم ماوەیەدا بە رێڕەوە ئاوییەکەدا تێپەڕیون، یەک لەسەر هەشتی رۆژێکی پێش جەنگەکە نییە. ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، نرخی نەوت و خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەک بەرز دەبێتەوە کە جیهان بەرەو هەڵاوسان و قەیرانێکی دیکەی ئابووری دەڕوات.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی 21ی ئادار لە کاژێرەکانی داخستنی بازاڕە داراییەکاندا رایگەیاند، "ئەگەر تەنگەی هورمز نەکرێتەوە، ژێرخانی کارەبای ئێران دەکەینە ئامانج." لە بەرامبەردا، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، رۆژی 22ی ئادار گوتی، "ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ژێرخانی وزە، ئەوا هێرشی وەها دەکەینە سەر ژێرخانی وزەی کەنداو و ناوچەکە، کە بە شێوەیەک تێک بچێت چاک نەکرێتەوە و کۆتایی پێ دەهێنین."
 
بەپێی ئاماری رێکخراوی (داتای رووداوەکان و شوێنی پێکدادانە سەربازییەکان) تایبەت بە جەنگی ئەمریکا – ئیسرائیل – ئێران، لە رۆژانی نێوان 28ی شوبات بۆ 22ی ئاداری 2026، کۆی ئەو هێرشانەی لەلایەن هەردوو لایەنی جەنگەکەوە تۆمار کراون، گەیشتووەتە 3 هەزار و 538  هێرش.
 
ژمارەی ئەو هێرشانەی ژێرخانی وزە، کێڵگە نەوتی و گازییەکان، پاڵاوگەکان و پیشەسازییەکانی وزەیان کردووەتە ئامانج، 77 هێرش بووە. ئەم هێرشانە تەنیا سنووری لایەنە شەڕکەرەکانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو ژێرخانی پیشەسازی وزەی 9 وڵاتی دیکەشی گرتووەتەوە، لەوانە ئازەربایجان، بەحرێن، کوێت، عومان، قەتەر، سعودیە، ئیمارات، عێراق و هەرێمی کوردستانیش.
 
رێژەی هێرشەکان بۆ سەر پیشەسازی نەوت و گاز لەم جەنگەدا 2% کۆی هێرشەکان بووە، بەڵام لێکەوتە ئابوورییەکانی بەشێوەیەکە رێکخراوی بازرگانی جیهان دەڵی، ئەگەر نرخی نەوت و گاز بەمشێوەیە بێت، ئەوا پێداچوونەوە بە  گەشەی بەرهەمی نێوخۆیی دەکەین و بەرێژەی 0.3% کەم دەبێتەوە.
 
فاتیح بیرۆڵ، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە دەڵێت، "ئەم جەنگە دوو هێندەی رووداوەکانی پێشووتر نەوت و گازی لە بازاڕەکان کەمکردووەتەوە. بۆ نموونە، ساڵانی 1973 و 1979 بڕی 5 ملیۆن بەرمیل نەوت لە جیهان کەمبووەوە و لە جەنگی رووسیا و ئۆکراینا بڕی 75 ملیار مەتر سێجا لە بازاڕەکان کەمبووەوە، بەڵام لەم جەنگەدا رۆژانە خستنەڕووی 11 ملیۆن بەرمیل نەوت و 140 ملیار مەتر سێجا گاز لە بازاڕەکان کەمبووەتەوە. ئەمەش جگە لەو زیانانەی بەر ژێرخانی وزە کەوتووە کە 3 بۆ 5 ساڵ پێدەچێت بۆ گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی و ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە پێش جەنگ دا."
 
لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش ژێرخانی وزە و کێڵگە نەوتییەکان کراونەتە ئامانج. ئەمەش بووەتە هۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی نزیکەی  3 ملیۆن بەرمیل لە عێراق و 300 هەزار بەرمیل لە هەرێمی کوردستان. وەک نموونە، هێرشی سەر کێڵگەی سەرسنگ لە 5ی ئادار کە زیانی گەورەی لێکەوتەوە، هێرشی 6ی ئادار بۆ سەر کارمەندە بیانییەکانی نەوت لە بەسرە و هێرشی 16ی ئادار بۆ سەر کێڵگەی مەجنوون لە بەسرە کە ژێرخانی وزەی عێراق و هەرێمی کوردستانیان گەڕاندەوە دواوە، بەتایبەتی لەرووی وەبەرهێنان لەم کەرتەدا.
 
لە 24  رۆژی جەنگدا، لە دوای داخستنی تەنگەی هورمز، هێرشی سەر کێڵگەی گازی "باکوور" (کە لە دیوی ئێران بە "ساوز پارس" ناسراوە) جارێکی دیکە بازاڕەکانی وزەی شڵەژاند و نرخی گازی هاوشێوەی نەوت بۆ دوو هێندە و زیاتریش بەرز کردەوە.
 
کێڵگەی گازی باکوور بە گەورەترین کێڵگەی گازی سرووشتی لە جیهاندا دادەنرێت و لە کەنداوە. کێڵگەکە رووبەرەکەی 6 هەزار کیلۆمەتر دووجایە و زیاتر لە 900 تریلیۆن پێی سێجا یەدەگی هەیە کە لە رووی ئابوورییەوە دەتوانرێت قازانجی گەورەی لێ بکرێت.
 
شاری رەئس لفان لە قەتەر، لە ساڵی 1996ەوە بە ئامانجی وەبەرهێنان لە کێڵگەی گازی باکوور دامەزراوە و بە چەقی پێشکەوتنی ئابووری ئەو وڵاتە دادەنرێت. ئەم شارە پیشەسازییە بە هاوبەشی لەلایەن قەتەر پیترۆڵیەم و گەورە کۆمپانیاکانی وەک ئێکسۆن مۆبیلی ئەمەریکی، تۆتاڵ ئینێرجی فەرەنسی، شێڵی بەریتانی و میتوشی ژاپۆنییەوە بەڕێوە دەبرێ. کێڵگەکە نزیکەی 115 هەزار کارمەندی هەیە و لە رێگەی 208 بیرەوە ساڵانە بڕێکی زۆر گاز دەخاتە بازاڕەکانی جیهان، بەتایبەت بۆ ئەورووپا و ئاسیا. رێژەی 19٪ـی گازی شلکراوەی جیهان لەم کێڵگەیەوە دابین دەکرێت.
 
لە دیوی ئێرانەوە، کێڵگەی گازی باشوور (ساوز پارس) هاوشێوەی رەئس لفان، بە دڵ و سییەکانی ئابووری ئێران دادەنرێ. ئەو بڕەی بەر ئێران کەوتووە لەم کێڵگەیە، نزیکەی 500 تریلیۆن پێی سێجایە، کە 360 تریلیۆن پێی سێجای لێ بەرهەم دەهێنرێت.
 
ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر کاژێرەکانی داهاتوون؛ ئایا هێرش بۆ سەر ژێرخانی کارەبای ئێران دەکرێ یان نا؟ ئەگەر هێرش بکرێ، چی بەسەر پیشەسازی وزە لە کەنداو و ئێران دەهێنێت؟ چونکە ئەم ناوچەیە 48%ـی یەدەگی نەوت و 40%ـی یەدەگی گازی جیهانی هەیە؛ هەروەها 31%ـی نەوت و 18%ـی گازی سرووشتی جیهان لێرەوە بەرهەم دەهێنرێت.
 
هەربۆیە ئەو مەترسیانەی بەهۆی ئەم جەنگەوە لەسەر زنجیرەی دابینکردنی وزە دروستبوون وایکردووە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە لە دوایین راپۆرتیدا داوا لە وڵاتان بکات گۆڕانکاری لە خواست بۆ نەوت بکەن، بەتایبەتی ئەو بڕەی بۆ گواستنەوە بەکاردێت، چونکە نەتوانراوە ئەو بۆشاییەی تەنگەی هورمز دروستی کردووە بە خستنەڕووی 400 ملیۆن بەرمیل بۆ دابەزاندنی نرخ و کەمکردنەوەی گوشارەکان لەسەر ئاسایشی وزە کەمبێتەوە. ئێستا نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت لە سەرووی 107 دۆلارە، لە کاتێکدا سەبەتەی ئۆپێک گەیشتووەتە 135 دۆلار و دوبەی 137 دۆلار بۆ بەرمیلێک.
 
ئامانجگرتنی ژێرخانی وزە ئەگەر لەلایەن ئێرانەوە یان لەلایەن بەرەی ئەمریکا-ئیسرائیلەوە بێت بە هەر ئامانجێک، هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت کە لێکەوتەی گەورەی لەسەر ئاسایشی وزەی جیهان هەیە. ئەگەری زۆرە هەڵاوسانی نرخی وزە بگۆڕێت بۆ هەڵاوسانی گشتیی ئابووری و ببێتە هۆی کەمبوونەوەی گەشەی ئابووری جیهان لەم ساڵدا.