لە هەولێر نرخی بەنزین بەرزبووەتەوە؛ "دۆخەکە کاتییە"

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر دەڵێ، نرخی بەنزین بەرزبووەتەوە و دابەشکردنی بەنزینی حکومیش کەمیکردووە، بەڵام "دۆخەکە کاتییە" و زوو چارەسەر دەبێت.
 
رۆژی دووشەممە، 23ی ئاداری 2025، ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نرخی بەنزین بەرزبووەتەوە، بەهۆی ئەوەی کاری چاکسازی لە پاڵاوگەکان دەکرێ، بەڵام ئەم دۆخە کاتییە و نرخەکە زوو ئاسایی دەبێتەوە."
 
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر گوتی: "بەهۆی ئەو رێکارانەوە، دابەشکردنی بەنزینی حکومیش کەمیکردووە."
 
جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر بە رووداوی گوت: "بەهۆی هەندێک رێکاری تەکنیکییەوە بارکردنی بەنزین کەمیکردووە، بەوهۆیەشەوە نرخەکەی بە کۆ لە 820 دینارەوە بۆ 870 دینار بەرزبووەتەوە."
 
ئەمڕۆ لە بەنزینخانەکانی هەولێر، بەنزینی کواڵیتی بەرزی نۆرماڵ نرخی لیترێکی لەنێوان 940 بۆ 990 دینارە.
 
بە گوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، بەنزینی حکومی بە 750 دینار دابەش دەکرێ، بەڵام گوتیشی: "پشکەکەی رۆژانە لە 20 ئۆتۆمبێلەوە بۆ 16 کەمیکردووە، بەڵام لە دوو رۆژی داهاتوودا ئاسایی دەبێتەوە."
 
محەممەد حەسیب، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە رووداوی گوت: "نرخی بەنزین لە سلێمانی بەرزنەبووەتەوە و دابەشکردنی بەنزینی حکومیش هەیە."