کۆمیسیۆن: مانگی داهاتوو پارەی کارمەندانی سەر سندووقەکانی دەنگدان خەرج دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێ، لە 8 پارێزگای عێراق پارەی کارمەندانی سەر سندووقەکانی دەنگدان دابەش کراوە و مانگی نیسانیش لە هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.
 
رۆژی دووشەممە 23ی ئاداری 2026، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی رێکاری زۆر و زۆریی ژمارەی کارمەندانی سەر سندووقەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا دابەشکردنی پارەی کارمەندانی سەر سندووقەکان بەردەوامە.
 
بە گوتەی عیماد جەمیل، تاوەکو ئێستا لە 8 پارێزگای عێراق، پارەی کارمەندانی سەر سندووقەکان خەرج کراوە.
 
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، 34 هەزار کەس وەک کارمەندی سەر سندووقی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان کاریان کرد. عیماد جەمیل گوتی، "کارمەندەکانی هەرێمی کوردستان مانگی داهاتوو پارەکانیان وەردەگرن."
 
ئەو کارمەندانە لە رۆژانی دەنگدانی تایبەت و گشتیدا لە زیاتر لە 39 هەزار وێستگە سەرپەرشتیی پڕۆسەی دەنگدانیان کرد. لەو 34 هەزار کەسەی ناویان دەرچوو، 5٪ـیان وەکو یەدەگ دەستنیشان کرابوون.
 
عیماد جەمیل ئاماژەی بەوەش کرد: "کارمەندە یەدەگەکانیش کە لە هەموو پارێزگایەک بۆ دۆخی پێویست دانرابوون، ئەوانیش پارە وەردەگرن."
 
پێشتر ئەیسەر یاسین، بەڕێوەبەری هۆبەی مەشق و راهێنان لە لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوتبوو، "جیاواز لە جارانی رابردوو، کارمەندان دەبێت کارتی بانکییان هەبێت. ئەوەی کارتی نییە دەبێت دروستی بکات، چونکە لەو رێگەیەوە شایستەکانیان وەردەگرن و دەتوانن لە ATMـەکانەوە پارەکانیان رابکێشن."
 
مووچەی ئەو کارمەندانە بەپێی ئەرکیان جیاوازە و سێ جۆرە. سەرپەرشتیارانی بنکەی دەنگدانن 400 هەزار دینار وەردەگرن، بەڕێوەبەری وێستگە 300 هەزار دینار و کارمەندی سەر سندووقەکانیش 200 هەزار دینار وەردەگرێ، بەڵام ئەوانەی فەرمانبەرن و سەرپەرشتیاری بنکەی دەنگدانن 300 هەزار دیناریان پێدەدرێء، بەڕێوەبەری وێستگە 200 هەزار دینار و کارمەندی سەر سندووقەکانیش 150 هەزار دینار وەردەگرن.
 
دەنگدانی تایبەت لە 9ی تشرینی دووەم و دەنگدانی گشتیش بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11-11-2025 بەڕێوەچوو.