ژاپۆن بیر لەوە ناکاتەوە بۆ تێپەڕینی کەشتییەکانی بە تەنگەی هورمزدا داوای هاوکاری لە ئێران بکات

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ژاپۆن دەڵێ، حکومەتی وڵاتەکەی "بیری لەوە نەکردوەتەوە" داوا لە تاران بکات رێگە بە کەشتییەکانی گوێزەرەوەی نەوتی بدات لە تەنگەی هورمز تێپەڕن، ئەوەش دوای ئەوەی ئێران ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاریکردنی تۆکیۆ دەربڕی.
 
ژاپۆن بۆ دابینکردنی پێداویستیی وزەی خۆی، پشت بە هاوردەکردنی نەوتی خاو لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبەستێت، کە زۆربەی لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە دەگوازرێتەوە.
 
ئێران وەک وەڵامێک بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بە کردەیی تەنگەی هورمزی داخستووە، ئەمەش وای کردووە ئەو وڵاتانەی پشتیان بەو رێڕەوە بەستووە پەنا بۆ رێگەی جێگرەوە و بەکارهێنانی یەدەگی نەوت بەرن.
 
کاتێک لەبارەی ئەگەری داواکردن لە ئێران بۆ رێگەدان بە تێپەڕبوونی کەشتییە ژاپۆنییەکان پرسیاری لێکرا، تۆشیمیتسۆ مۆتێگی، وەزیری دەرەوەی ژاپۆن لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، "ئێستا بیر لە شتێکی وەها ناکەینەوە."
 
ئەم لێدوانەی تۆشیمیتسۆ مۆتێگی دوای ئەوە هات کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، رۆژی هەینی لە هەڤپەیڤینێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئاژانسی "کیۆدۆ نیوز"ی ژاپۆنی رایگەیاند، تاران ئامادەیە ئاسایشی تێپەڕبوونی کەشتییەکانی ژاپۆن بپارێزێت.
 
عەباس عێراقچی گوتی، "تەنیا پێویستە ئەوان پەیوەندیمان پێوە بکەن تاوەکو گفتوگۆ بکەین کە چۆن ئەم تێپەڕبوونە ئەنجام بدرێت."
 
تۆشیمیتسۆ مۆتێگی رۆژی سێشەممەی رابردوو لەگەڵ عێراقچی قسەی کردبوو، بەڵام بە کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکەی راگەیاند، وەزیری دەرەوەی ئێران لەو پەیوەندییەدا باسی لە هاوکاریکردنی کەشتییە ژاپۆنییەکان نەکردووە. مۆتێگی گوتی: "سەلامەتیی کەشتیوانی زۆر گرنگە؛ ئەوە ئەو بابەتە بوو کە باسی لێوە کرا."
 
عەباس عێراقچی لە هەڤپەیڤینەکەیدا داخستنی رێڕەوە ئاوییەکەی رەتکردەوە و جەختی کردەوە کە "لە روانگەی ئێمەوە، تەنگەکە کراوەیە." وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، رێڕەوە ئاوییەکە تەنیا بە رووی "کەشتیی وڵاتانی دووژمن، ئەو وڵاتانەی هێرشمان دەکەنە سەر" داخراوە.
 
بەهۆی پەککەوتنی هەناردەی نەوت لە ناوچەکە، هەفتەی رابردوو ژاپۆن رایگەیاند، دەستی بە بەکارهێنانی یەدەگی ستراتیژیی نەوتەکەی کردووە، کە یەکێکە لە گەورەترین یەدەگە نەوتییەکانی جیهان.